عەبدوڵا ئۆجهلان بە ئاماژەدان بە پڕۆسەی یەکگرتنی نێوان ههسهده و سوپای نوێی سوریا رایگهیاند، "جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی ئاسانکاری و خێراترکردنی پرۆسەکە، زۆر گرنگە تورکیا رۆڵێکی ئاسانکاری و بنیاتنەر لەو پڕۆسەیەدا بگرێتە ئەستۆ".
ئهمڕۆ سێشهممه ٣٠ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، پهیامی سهری ساڵی عەبدوڵا ئۆجهلان بڵاوكرایهوه، كه تیایدا هاتووه، "لەگەڵ چوونە ناو ساڵێکی نوێدا پێویستە ئەوەمان لەبیربێت کە چۆن ناسیۆنالیزم کە بە درێژایی سەدەی رابردوو لەگەڵ شەڕانگێزی ئیمپریالیستی تێکەڵ بووە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووهتە ناو ململانێی قوڵ و وێرانکاری و دابەشکاری کۆمەڵایەتییەوە".
رێککەوتنی ١٠ـی
ئازاری ٢٠٢٥، لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی
هەسەدەوە واژۆ کراوە.
رێککەوتنەکە
چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت وەک، ئاگربەست لە سەرتاسەری سوریا، تێکەڵکردنی
دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دامەزراوەکانی
دەوڵەت، هەروەها داننان بە مافی پێکهاتەی کورد وەک پێکهاتەیەکی رەسەنی وڵاتەکە.
جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە
رووبەڕووی چەند ئاستەنگێک بووەتەوە، هەردوولا یەکتری بە خاو کارکردن لە
جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.
لەم دواییانەدا
حکومەتی دیمەشق بۆ یەکەمجار پێشنیازێکی نووسراوی پێشکەش بە هەسەدە کردووە،
پێشنیازەکە باس لە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ فیرقەی سەربازیدا
دەکات، چاوەڕوانیش دەکرا لەم سەردانەدا گفتوگۆ لەسەر ئەم پێشنیازە و
وردەکارییەکانی تری رێککەوتنەکە بکرێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەو
وادەیەی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دیاری کرابوو.