سەردێڕ:

حاجیانی ئەمساڵی هەرێم قەرەبوو دەکرێنەوە

PM:05:31:28/12/2025

616 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، ئەو حاجیانەی لە گەشتی حەجی ساڵی ٢٠٢٥، بەهۆی تێکچوونی دۆخی ناوچەکە بە پاس گەڕاونەتەوە، قەرەبوو دەکرێنەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، کاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، لە لایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقییەوە ئاگادار کراوینەتەوە، کە تەواوی ئەو حاجیانەی ساڵی ٢٠٢٥، ژمارەیان سێ هەزار و ٤٣٣ حاجییە و بڕیاربوو بە فڕۆکە بگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق ناچاربوون بە پاس بگەڕێنەوە، جیاوازی پارەی گەشتەکانیان بۆ دەگێڕدرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەشی ژمێریاری دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق پێمان دراوە، بڕی قەرەبووەکە بۆ هەر حاجییەک تەنها ٨٠ هەزار دینارە، ئەم بڕە پارەیەش لەلایەن لیژنەیەکی دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عێراقییەوە خەمڵێنراوە، بەبێ ئەوەی هیچ نوێنەرێکی وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی حەجی هەرێم لە ناو لیژنەکەدا هەبێت، چونکە پڕۆسەی گرێبەستی فڕۆکە و ئۆتێل و خزمەتگوزارییەکان ساڵانە لەلایەن بەغداوە ئەنجام دەدرێت.

وتیشی، تاوەکو ئێستا نووسراوی فەرمییان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام بڕیارە دوای پشووەکانی سەری ساڵ نووسراوەکە بگاتە هەرێمی کوردستان، بەڵام پێشوەختە ئاگادار کراوینەتەوە کە لیستی ناوی حاجیان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بۆیان رەوانە بکەین.

جەخت دەکاتەوە، کە دوای گەیشتنی بڕە پارەکە، بە میکانیزمێکی گونجاو و بە ئەوپەڕی ئاسانکارییەوە پارەکە دەگەیەننە دەستی ئەو هاوڵاتیانەی، کە ناویان لە لیستەکەدا هەیە و لە گەشتەکەیاندا بە پاس لە سعودیەوە گەڕابوونەوە.













گەلەری