PM:08:39:26/12/2025
22224 جار خوێندراوەتەوە
وته‌بێژی حه‌ج و عومره‌ی كوردستان رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ حه‌وت كه‌س كه به‌مه‌به‌ستی عومڕه له هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌ره‌و سعودیه به‌ڕێكه‌وتوبوون له كه‌ربه‌لا تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون و كه‌سێكیان گیانی له‌ده‌ستدا و شه‌ش كه‌سه‌كه‌ی دیكه‌ش برینداربوون.
ئەمڕۆ هەینی ٢٦ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، كاروان ستونی، وتەبیژی حەج و عومرەی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی وت، " حه‌وت كه‌س كه به‌مه‌به‌ستی عومره له هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌ره‌و سعودیه به‌ڕێكه‌وتوبون له ڕێگه‌ی كه‌ربه‌لا له نزیك نخێب له‌گه‌ڵ بارهه‌ڵگرێكدا پێكیانداكێشاوه و به‌هۆیه‌وه كه‌سێكیان كه ژنه گیانی له‌ده‌ستداوه و شه‌ش كه‌سه‌كه‌ی دیكه‌ش برینداربون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، شۆفێری بارهه‌ڵگره‌كه ده‌ستگیركراوه و له‌سه‌ر هێڵن بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانكاری بۆ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه و برینداران بكرێت بۆ هه‌رێمی كوردستان، لە ئێستادا تیمێکیان سه‌رقاڵی راپەڕاندنی مامەڵەکانن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه بۆ هه‌ولێر.
وتیشی، ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌مڕۆ تووشی رووداوی هاتوچۆ بوون خه‌ڵكی پردێن و ماوه‌ی ٢٠ ساڵه له شاری هه‌ولێر داده‌نیشن، له ئێستادا دۆخی برینداره‌كان جێگیره.
ئەوەش لە کاتێکدایە، به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی حه‌ج و عومڕه‌ی كوردستان، له ساڵی ٢٠٢٥ـدا ١٢ عومڕه‌كاری هه‌رێمی كوردستان له وڵاتی سعودیه گیانیان له‌ده‌ستداوه و له‌وێ به خاك سپێردراون.