PM:07:32:22/12/2025
4704 جار خوێندراوەتەوە
کاندیدێکی دەرچووی نەوەی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر بڕیارەکەی حکومەتی ماوەبەسەرچوو بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەڵێت، هەر فەرمانبەرێک دوو تا سێ پلە بەرزکردنەوەی لای حکومەتی ماوەبەسەرچووە و پێویستە مافی خۆیانیان پێبدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، دوای ئەوەی حکومەتی ماوەبەسەرچوو رایگەیاند کە پڕۆسەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە، کاوە عەبدولقادر، کاندیدی دەرچووی نەوەی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی نووسیویەتی، بەپێی یاسا پێویستە فەرمانبەران هەموو پلەبەرزکردنەوەکانیان کە بەهۆی راگرتنی پرۆسەکەوە لەدەستیانچووە بۆیان ببەسترێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پارەیەکی زۆری فەرمانبەران کە چەند ساڵێکە شایستەی پلە بەرزکردنەوەن نەدراوە و لای حکومەتی ماوەبەسەرچووە و پێویستە بڕی ئەو شایستە داراییەی فەرمانبەران دیاریبکرێت و وەکو قەرز لەسەر حکومەتی ماوەبەسەرچوو تۆماربکرێت.
سەبارەت بە خانەنشینانیش دەڵێت، پێویستە ئەو خانەنشینانەی لە چەند ساڵی رابردوودا خانەنشینکراون و پلەبەرزکردنەوەیان بۆ نەکراوە، شایستە داراییەکانیان بخرێتە سەر مووچەی خانەنشینییەکانیان.