سەردێڕ:

ساڵێک بەسەر روخانی رژێمی بەشار ئەسەدا تێپەڕی

AM:11:09:08/12/2025

748 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر روخاندنی رژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریادا تێدەپەرێت، مەزڵوم عەبدیش دەڵێت، قۆناغی ئێستا بەرپرسیارێتی هاوبەشی نیشتمانی و دیالۆگێکی هەمەلایەنە بەسەر هەموو لایەکدا دەسەپێنێت.


ئەمڕۆ دووشەممە ٨ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، ساڵێک لەمەوبەر چەکدارەکانی گروپی تەحریر شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع سەرۆکی ئێستای راگوزەری سوریا دوای شەڕێک کە زیاتر لە ١٣ ساڵی خایاند و دوای راپەڕین دژی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، دەستیان بەسەر دیمەشقدا گرت و بەهۆیەوە ئەسەد لە سوریاوە بەرەو رووسیا هەڵهات.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەشدا لە کۆڕبەندی دۆحەدا ئەحمەد شەرع وتی، وڵاتەکەی لە خەباتدایە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و بوژانەوە دوای چەندین ساڵ لە شەڕ. وتیشی،سەرەڕای هێرشەکانی ئەم دواییانە لە ئێستادا سوریا باشترین بارودۆخی خۆی بەخۆیەوە دەبینێت، دڵنیایدا لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە بەرپرسیارن لەو ئاژاوە گێڕییانە.

لای خۆشیەوە مەزڵوم عەبدی – فەرماندەی گشتی هەسەدە لە نوسینێكدا لە سەكۆی "ئێكس باسی لەوە کردووە، ساڵێک لەمەوبەر بە رووخانی رژێمی لەناوچوو، سوریا پێی نایە قۆناغێكی نوێ و شانازی بەو وێستگە مێژوییە دەكەین، كە کۆتایی بە دەیان ساڵ لە ستەمکاری و دابەشبوون هێنا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، قۆناغی ئێستا بەرپرسیارێتی هاوبەشی نیشتمانی و دیالۆگێکی هەمەلایەنە بەسەر هەموو لایەکدا دەسەپێنێت، کە بەرژەوەندی گەلی سوریا لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێت.

پابەندبونی خۆشیانی بە رێککەوتنی ١٠ـی ئازار وەک بناغەیەک بۆ بونیادنانی سوریایەکی دیموکراسی و نا ناوەندی و یەکگرتوو دووپات کردەوە.













گەلەری