لافاوی سروشتی و لافاوی سیاسی
PM:02:13:10/12/2025
1076 جار خوێندراوەتەوە
فارس نەورۆڵی
+
-
مێژووی کورد پڕە لە کارەساتی سروشتی و سیاسی، بەشێک لەوکارەساتانە
لەیادگەی خەڵکدا بووە بە ساڵنامە، نموونە لە سلێمانی باسی بابەتێکی کۆن بکرایە
دەیانگوت ساڵی لافاوەکە، لە هەڵەبجە دەیانگوت ساڵی بەورە سوورەکە، سەبارەت بە
کارەساتی سیاسی ئاماژەی پێنادەم چونکە زۆر زۆرە، باران بارینی ئەم چەند رۆژە لە
چەمچەماڵ و چەند جێگایەکی دیکەی کوردستان رووداوی ناخۆشی لێکەوتەوەو ئازاری بە
هەموان گەیاند، ئازاری هاوبەش بەرپرسیاریەتی هاوبەش دروستدەکات و دەرفەتە بۆ
نیشاندانی بەرپرسیاریەتی دروست دەکات و دەبێتە خاڵی هاوبەشی هەموولایەک.
دەکرێ ئەم لافاو رووداوانە وەک پردێکی لە
دەرەوەی سیاسەت کۆمان بکاتەوەو بەسەریدا بگەڕێینەوە بۆ ناو سیاسەت بۆ ئەوەی
بیکەینە جێگیریی ئاسایش و گوتاری هاوبەشی سیاسی لەسەر بنیاد بنێین تابتوانین پێش روودانی
هەر لافاوێکی سیاسی خۆمان ئامادەبکەین ئەمەش واپێویست دەکات بەرژەوەندی حزبی
لەبەرامبەر بەرژەوەندی گشتیدا کاڵبکەینەوە، هیچ لایەنێک لافاوەکە نەکاتە موزایەدەی
سیاسی بۆ توانجدان لەم و لەو، چونکە خەڵک ویستی گوێگرتنی لەو جۆرە گوتارانە نیە
پێویستی بەکردارە، ئەوەی جێگای پێزانینە ئەم رووداوانە دەریخست تا رادەیەکی باش گۆڕانکاری
لە زهنی سیاسی کۆی خەڵکدا روویداوە.
لەبیرمە چەند
ساڵێک لەمەوبەر لافاو لەشارێک روویدا، لەبری پشتیوانی کەچی لەلایەن هەندێ خەڵکی
نابەرپرسەوە لەژێر کاریگەری ئیرهابی فیکری وەک تەنز و کۆمیدی باسیان دەکرد، بەڵام
بەپێچەوانەوە لەم رووداوەی چەمچەماڵ و جێگاکانی دیکە کۆی خەڵکی کوردستان و شارەکان
و دامەزراوە فەرمی و حزبەکان و ڕێکخراوەکان هاوخەمی و پاڵپشتی خۆیان راگەیاند،
ئەمەش ئاماژەیە بۆ وشیاری خەڵک و پاشەکشەی ئیرهابی فیکری، گرنگە ئەم پەیامانە ببنە
کردارو قەرەبووی زیانلێکەوتوان بکەنەوە.
بۆ ئەم مەبەستە پێشنیار دەکەم حکومەت
دانانی سندوقێکی هاوکاری تایبەت بەم رووداوە بەکاتی رابگەیەنێت بۆ ئەوەی جگە لە
هاوکاری حکومەت سەرمایەدارەکان و خێرخوازەکان و رێکخراوە خێرخوازەکان لەم کاتەدا
هاوکاری ئەو سندوقە بکەن لەڕێگای لیژنەیەکی رێکخراو لەژێر چاودێری حکومەت بۆ ئەوەی
قەرەبووی زیانلێکەوتوان بکەنەوە، لەهەمانکاتدا پێویستیشە ئەم لافاوە سروشتییە
بکەینە پرسیار لەخۆمان ئایا ئەگەر لافاوی سیاسی روویدا چیبکەین؟
وەک چۆن لەمێژووی کورددا سەدان لافاوی سیاسی روویداوەو
تووشی کارەساتی گەورەبوین. پێویستە وەک چۆن ئێستا ئەم رووداوە بوو بە ئازاری
هاوبەش و خەمی هاوبەش و بەرپرسیاریەتی هاوبەش، دەبێت بیرکردنەوەیەکی هاوبەشمان
هەبێت بۆ خۆئامادەکردن و رێگەگرتن لە لافاوی سیاسی، جیاوازی لافاوی سروشتی و
لافاوی سیاسی چیە؟
لافاوی سروشتی
لەکاتێکی کەمدا قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام لافاوی سیاسی هەندێکجار بە سەدەیەک
قەرەبوو ناکرێتەوە. بۆیە داواکارم بەپەلە قەرەبووی زیانلێکەوتوانی
لافاوەکە بکرێتەوە لەخەمی ئەوەشدابین گوتارێکی هاوبەشی سیاسی دروستکەین بۆئەوەی
لافاوی سیاسی نەدا بەسەرماندا.