وەزارەتی بازرگانیی عێراق پلانێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی سیستمی بارکۆد لەسەر کاڵاکان جێبەجێ دەکات، کە ئامانج لێی پاراستنی مافی کڕیاران، کۆنترۆڵکردنی کوالێتی و رێگریکردنە لە فرۆشتنی کاڵای بێ کوالێتی.
ئەمڕۆ شەممە ١٥ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، فەیاز محەمەد، سەرۆکی ناوەندی کوالێتی کۆنترۆڵ لە وەزارەتی بازرگانی عێراق وتی، "ئامانج لەم بڕیارە پاراستنی کڕیار و بەرهەمی ناوخۆیی و پاشان کوالێتیی شمەک و کاڵاکانە."
ئاماژەی
بەوەشکردووە، ئەم سیستمە بۆ رووبەڕووبوونەوەی فێڵ لە کڕیاران و دڵنیابوونە لەوەی
کاڵاکان بەپێی ستانداردی گونجاو لەگەڵ ژینگەی عێراقدا هاوردە دەکرێن.
باسی لەوەشکرد،بڕیارەکە
پابەندکار دەبێت و لە قۆناغی یەکەمدا سەرجەم کەلوپەلە کارەباییەکان دەگرێتەوە، سەرەتا
نۆ پۆل لە بەرهەمەکان دەگرێتەوە، کە بریتین لە ئامێرەکانی ساردکەرەوە، تەباخ، فڕن
و کەلوپەلی دیکەی ناوماڵ، دواتریش تەواوی بەرهەمە کارەباییەکانی دیکە دەگرێتەوە."
هاوکات وەزارەتی
بازرگانی ڕۆژی ١٥ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ـی وەک وادەی دەستپێکی پڕۆژەکە دیاریکردووە، هەروەها بارکۆدی
سەر کاڵاکان زانیاریی تەواو لەخۆدەگرێت وەک، وڵات و کۆمپانیای دروستکەر، بەرواری
دروستکردن، چەندین زانیاریی دیکەی گرنگ، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە بۆ کڕیاران
دەکات و رێگری لە هاتنەناوەوەی کاڵای بێ کوالێتی دەکات.