PM:10:29:13/11/2025
1100 جار خوێندراوەتەوە
بەهۆی پەتای وەرزییەوە رۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ منداڵ دەبردرێنە نەخۆشخانەی راپەڕین لە هەولێر و سەرپەرشتیارانی نەخۆشخانەکەش دەڵێن، ئەگەر وابڕوات ناچارن دوو نەخۆش لەسەر قەرەوێڵەیەک بخەوێنن، پزیشکانی پسپۆڕیش داوا دەکەن هاوڵاتیان خۆیان بپارێزن تا تووشی پەتای وەرزی نەبن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، بەپێی داتاکانی نەخۆشخانە راپەڕینی منداڵان لەهەولێر رۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ منداڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای وەرزی سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن و زۆربەیان لەژێر چاودێری پزیشکیدا دەهێڵدرێنەوە.
پەتاکە پەتایی وەرزیەو لەڕێگایی پژمین و کۆکین بڵاودەبێتەوە، سکچوون و
بەرزبوونەوەی پلەیی گەرما و بێهێزبوون لەدیارترین نیشانەکانن، پزیشکانی پسپۆڕیش
هۆشداری دەدەن لە زیاتر بڵاوبوونەوەیی نەخۆشیەکەو داوا دەکەن هاوڵاتیان خۆیان
بپارێزن.
بەهۆی زۆری حاڵەتەکان و نەمانی جێگا لەنەخۆشخانە حکومیەکان، بەشێک لە
سەردانیکەران بە ناچاری پەنایان برد بۆ نەخۆشخانە تایبەتەکان.
بەشێک لە پزیشکانیش دەڵێن، ساڵانە و بەتایبەت لەم وەرزەدا، بەهۆی گۆڕانی
کەشوهەوا، جۆرێک لە پەتای وەرزی بڵاودەبێتەوە و زیاتر کار لەمنداڵان دەکات و
دووچاری نەخۆشیان دەکات.