PM:09:35:13/11/2025
1368 جار خوێندراوەتەوە
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت، لە ئێستادا سەرقاڵی چارەسەركردنی پرسی ئەو وێستگانەیە كە ئەنجامەكانیان رەوانە نەكردووە، وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رابگەیەندرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٣ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق وتی، لە ئێستادا كۆمسیۆن سەرقاڵی چارەسەركردنی پرسی ئەو وێستگانەیە كە ئەنجامەكانیان رەوانە نەكردووە، ئەنجامەكان دەخرێنە سەر ناوەندەكانی تۆماركردن و هەژمار دەكرێن، ئەوەش وەك ئامادەکارییەک بۆ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی و ئەو كارەش هاوكاتە لەگەڵ یەكلاكردنەوەی ئەو سکاڵایانەی تۆمار كراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن دەكەوێتە دوای یەكلاكردنەوەی
سكاڵاكان، كە رەنگە هەفتەی داهاتوو بێت، دووپاتیشی كردەوە كە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی
هەڵبژاردن بە بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیارانە، هاوكات هەموو بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران
مایەی تانەلێدانن لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان، ئەوەش لە ماوەی سێ رۆژ
لە بڵاوكردنەوەی لە ماڵپەڕی فەرمی.
وتیشی، دوای یەكلابوونەوەی قۆناغی تانەكان، كە حەوت رۆژە بۆ كۆمسیۆن و ١٠ رۆژیش
بۆ دەستەی دادوەری، دەگەن بە كۆتایی پرۆسەی هەڵبژاردن، هەموو دەنگەكان دەخرێنە ناو
بەرنامەیەكی تایبەت بۆ هەژمارکردنی بە شێوەی سانتلیگۆ بۆ دیاریكریكردن كورسییەكانی
پەرلەمانی، ئەوكات كۆمسیۆن ژمارەی كوردسییەكان رادەگەیەنێت، ژمارەی كورسییەكان بەپێی
بەرنامەیەكی تایبەت هەژمار دەكرێت، واتە دەنگەكان دەخرێنە ناو بەرنامە تایبەتەكە و
ئەویش كورسییەكانی هەر پارێزگایەك بە جیا و بە شێوەیەكی زۆر ورد دیاری دەكات.