سەردێڕ:

سۆمۆ: رێککەوتن لەگەڵ ئێکسۆن مۆبیل هەنگاوێکی گرنگە بۆ پیشەسازی نەوتی عێراق

PM:10:28:12/10/2025

344 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت، رێککەوتن لەگەڵ ئێکسۆن مۆبیل هەنگاوێکی ستراتیژی گرنگە بۆ پیشەسازی نەوتی عێراق و کەرتی بە بازاڕکردن. دەشڵێت، عێراق پێویستی بە پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت نییە بەڵکو پێویستی بە باشترکردنی تواناکانی هەناردەکردنی هەیە.


ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ـی تشرینی ٢٠٢٥، عەلی نزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سۆمۆ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وت، رێککەوتن لەگەڵ ئێکسۆن مۆبیل هەنگاوێکی ستراتیژی گرنگە بۆ پیشەسازی نەوتی عێراق و کەرتی بە بازاڕکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل بە یەكەم كۆمپانیای جیهانی دادەنرێت لە بواری نەوت و غاز و پاڵاوتندا و خاوەنی نوێترین تەکنەلۆژیایە و نرخی کێبڕکێی پێشکەش دەکات، ئەمەش وای لێدەکات بەشداری بکات لە بەبازاڕکردنی نەوتی خاوی عێراق لە بازاڕە جیاجیاکاندا.

وتیشی، ئێکسۆن مۆبیل پێشنیازی کردووە بچێتە ناو پڕۆژەی پەیوەست بە پاڵاوگە و تانکی عەمبارکردن لە چەند ناوچەیەکی جیهان، بەتایبەتی لە ئاسیا، ئەمەش پێگەی فرۆشتنی عێراق بەهێزتر دەکات و پاڵپشتی ئەو تەواوكارییە ئابورییە دەکات کە رێکەوتنەکە فەراهەمی دەكات.

دەشڵێت، عێراق لە ماوەیەکی زۆرە پێویستی بەو جۆرە رێککەوتنانە هەیە لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە خاوەنی شارەزایی و تەکنەلۆژیان.

باسی لەوەشکرد، عێراق پێویستی بە پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی نەوت نییە، بەڵکو پێویستی بە باشترکردنی تواناکانی هەناردەکردنی هەیە لە ڕێگەی دروستکردنی سیستمی گشتگیر بۆ تانکی عەمبارکردن و بۆری هەناردەکردن کە ئەوەش هاوتەریب دەبێت لەگەڵ پەرەپێدانی کێڵگەکانی وەک کێڵگەی مەجنون، کە کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل رەزامەندی دەربڕیوە پەرەی پێبدات.













گەلەری