سەرۆكی دیوانی حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەڵێت، "هەركات بڕیاری خەرج كردنی مووچە درا داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا دەکەین".
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم وتی، داهاتی نانەوتی هەرێم ئامادەیە و هەركات بڕیاری خەرج كردنی مووچە درا داهاتی نانەوتی دەخەینە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە چارەنووسی مووچەی
چوار مانگی ئەمساڵ نادیارە، حکومەتی ماوەبەسەرچووش هەر شاند دەنێرێتە بەغدا و
پابەندی رێککەوتنەکانیش نابێت، بەپێی زانیارییەکانیش لە چەند رۆژی داهاتوودا
شاندێکی هەرێم بۆ پرسی ١٢ مووچەی ئیکرامیەی خانەنشینان دەچنە بەغدا.
لەسەر چوار مووچەکەی
ئەمساڵیش، ئەوەی هەیە تەنها یەک مووچە پێدەچێت چارەنووسی یەکلاییی بوبێتەوە ئەویش
مووچەی مانگی هەشتە، کە چاوەرێ دەکرێت لەگەڵ مووچەی مانگی ١٠ـی عێراق رەوانەی
هەرێم بکرێت، بۆ مووچەکانی دیکەش پێویستە هەرێم پابەندبێت بە رێککەوتەکانی لەگەڵ
بەغدا و نەوت و داهاتی نانەوتی وەک ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کردووە رادەستی بەغدای
بکات.
لە ئەگەری
پابەند نەبوونی حکومەتی ماوەبەسەرچوو ئەوا چەند مووچەیەکی مووچەخۆران دەفەوتێت.