سەردێڕ:

براوەی نوبڵى ئاشتى خەڵاتەكەی پێشكەش بە ترەمپ دەكات

PM:11:52:11/10/2025

528 جار خوێندراوەتەوە

ماریا کۆرینا ماچادۆسی ڤەنزوێلی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٥، دەڵێت خەڵاتەکە دەبەخشێتە خەڵکی وڵاتەکەی و سەرۆکی ئەمریکا، وەک رێزلێنانێک بۆ پشتیوانی یەکلاکەرەوەی لە دۆزی ئازادی و دیموکراسی لە ڤەنزوێلا.


ئەمڕۆ شەممە ١١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ماریا کۆرینا ماچادۆس، لە پەیامێكدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی، ئەم بەخشینە خەباتی گەلی ڤەنزوێلا دژی دیکتاتۆریەت بەهێز دەکات، ئەوان لە سەروبەندی سەرکەوتندان و پشت بە ترەمپ و ئەمریکا و وڵاتانی دیموکراسی دەبەستن بۆ گەیشتن بە قۆناغێکی گواستنەوەی ئاشتیانە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو خەڵاتە پێشكەش بە خەڵكی زەحمەتكێشی ڤەنزوێلا و سەرۆك ترەمپ دەكات کە پشتگیریەكی یەکلاکەرەوەی دۆزی ئەوانی کردووە.

بەگوێرەی لیژنەی نۆبڵی نەرویج، ماچادۆ ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە وەک رێزلێنانێک بۆ رۆڵی لە بەرەوپێشبردنی مافە دیموکراسیەکان بۆ گەلی ڤەنزوێلا و هەوڵدان بۆ گواستنەوەی دادپەروەرانەو ئاشتیانە لە دەسەڵاتی تاکڕەوییەوە بۆ دیموکراسی.

ئەوەش لەكاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ، چەند جارێك ئاماژەی بەوەكردووە كە ژمارەیەك جەنگی لەسەرانسەری جیهان راگرتووە و ئەوەش وادەكات شایەنی ئەو خەڵاتە بێت، بەڵام دوای بێهیوابوونی تەلەفۆنی بۆ ماچادۆ کردووەو پیرۆزبایی لێکردووە، جەختیشی لەوەشکردووەتەوە، كە شایەنی خەڵاتەكەیە.













گەلەری