سەردێڕ:

وردەکاری نرخی کارەبای پرۆژەکەی حکومەتی کاربەڕێکەر

PM:05:59:09/03/2025

4232 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی چووەتە شوێنی ئەو گەڕەکانەی کارەبای ٢٤ کاتژمێریان بۆ دانراوە و سەرنجی یاوە لە زۆربەی زۆری ئەو ماڵانە تاریکە و گڵۆپ و رووناککەرەوەیان دانەناوە چونکە بۆ یەک مانگ زیاتر لە ٥٠٠ هەزار دینار کارەبایان بۆ هاتووەتەوە.


حکومەتی کاربەڕێکەر بەناوی کارەبای ٢٤ کاتژمێرییەوە ماڵ بە ماڵ و شار بەشار تاریک دەکات و نەک هەر کارەباکەی گرانکرد، بەڵکو پارە و کرێی تەل و عەمودەکەشی خستووەتە سەر هاوڵاتیان و دەیەوێت مووچەی فەرمانبەرانی کارەباش هەر لە هاوڵاتی وەربگرێت.

لەپرۆژەی رووناكی كارەبای حكومەتی كاربەڕێكەر نرخی ٤٠٠ یەكەی سەرەتا كارەبا بە ٨٠ دینار دەبێت لە مانگێكدا، ئەگەر هاتوو هاوڵاتیان لەو ٤٠٠ یەكە زیاتریان بەكارهێنا بۆ ٤٠٠ یەكەی دووەم ئەوە نرخی دەبێتە ١٠٠ دینار، ئەگەر لەو ٨٠٠ یەكە زیاتریان بەكارهێنا ئەوا نرخەکەی بەرزدەبێتەوە بۆ ٢٠٠ دینار.

كە ئەو نرخەش زۆرە لەچاو نرخی پێشوو كە بۆ یەك یەكە تەنها ١٨ دینار لەسەر هاوڵاتیان دەكەوت.

بەشێک لە هاوڵاتیانیش دەڵێن، پرۆژەی رووناکی پرۆژەیەک نییە بۆ رووناککردنەوەی ماڵەکان بەڵکو شاری تاریک کردووە لە جیاتی ماڵەکان رووناک بکاتەوە.

هاوکات، یەکەی کارەبا لە هەریم کە بەغاز بەرهەم دەهێنرێت ٤٥ دیناری تێدەچێت حکومەت نرخەکەی چوار قات لە هاوڵاتی وەردەگرێت، بەمەش کرێی  گواستنەوەی کارەبا بە تەل وعەمود و وێستگە ومحاویلەکەوە دەخاتە سەر شانی هاوڵاتی، نەک ئەمەش بەنیازە مووچەی وەزارەتی کارەباش بخاتە سەرشانی خەڵک.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەرکی هاوڵاتیانیشەهەموو رێگەیەکی مەدەنی و یاسایی و فشار دروست بکەن تاوەکو پێداچوونەوە بەم نرخانەدا بکرێت بە شێوەیەک رەچاوی گوزەرانی خەڵکی تێدا بکرێت.

 

 













گەلەری