سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی: پارەی تەواو بۆ مووچەی موچەخۆران بەردەستە

PM:06:28:20/02/2025

1144 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەنەوە کە باس لەوە دەکەن وەزارەتی دارایی عێراق تووشی کێشەی دارایی بووە. دەشڵێت، پارەی تەواو بۆ مووچە بەردەستە و هیچ کێشەیەک لە سەرچاوەی نەختی نییە لە داهاتی نەوتی و نانەوتی.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ـی شوباتـی ٢٠٢٥، مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، دەنگۆی هەبوونی گرفتی دارایی رەتدەکەنەوە و هیچ گرفتێک بۆ مووچەی مانگانەی کارمەندانی کەرتی حکومی و کۆمپانیا حکومیەکان دروست نابێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کێشەیەک لە سەرچاوەی پارەی نەختی نییە چ لە داهاتی نەوتی بێت یان نا نەوتی و پارەی تەواو بۆ دابینکردنی مووچە بەردەستە.
باسی لەوەشکرد، بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانەی کە گوایە حکومەتی عێراق تووشی ئاستەنگی دارایی بووەتەوە تەنها سیناریۆی کۆمەڵێک لایەنە  بۆ دروسکردنی نادڵنیایی لە نێو هاوڵاتیاندا.

وتیشی، جێبەجێكردنی سیاسەتی وردی ئابووری سەقامگیری و کاریگەریی لەسەر بەهای دراو بۆ بەشداریكردن لە بەرزکردنەوەی متمانەی ئابووری هەیە، دەشتوانێت رووبەڕووی هەموو ئەو گرفت و ئاستەنگانە بێتەوە كەلە داهاتوودا مەترسی لەسەر ئابووری عێراق دروست دەكات.

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، کە خەرجییەکانی حکومەت ساڵانە نزیکەی ٥٠٪ـی بەرهەمی ناوخۆیی وڵات پێکدەهێنێت، ئەمەش بەشێوەیەکی ئەرێنی کاریگەری لەسەر زیاتر لە ٨٥٪ـی کۆی گشتی خواست هەیە لە عێراقدا، ئەمەش یارمەتی بەردەوامیی چالاکییە ئابوورییەکان دەدات و دەیپارێزێت لە مەترسییەکانی پاشەکشە.


 













گەلەری

‌بەپەلە