سەردێڕ:

خوێندنی باڵا: لەمەودوا پرۆسەی تاوتوێکردنی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا بە شێوەی داخراو ئەنجامدەدرێت

PM:04:43:20/02/2025

1864 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵای هەرێم، چەند رێنماییەکی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی تاوتوێکردنی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا دەرکرد و دەڵێت، لەمەودوا دەبێت تاوتێکردنەکە بە داخراوی ئەنجام بدرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ـی شوباتـی ٢٠٢٥، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، لە فەرمانێکى وەزاریدا چەند رێنماییەکی نوێ تایبەت بە ئەنجامدانی پرۆسەی تاوتوێکردنی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەرکرا.

لە رێنماییەکاندا ئەوە هاتووە، پێویستە گفتوگۆی ماستەرنامە و دکتۆرا بە داخراوی ئەنجامبدرێت و نە کەسوکاری خوێندکار نە هیچ میوانێکی تێدا بەشدار نەبێت، تەنها رێگە بە نوێنەری خوێندنی باڵا، سەرۆکی زانکۆ و یاریدەدەرەکەی، راگری کۆلێژ، سەرۆک بەش، بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە سەرۆکایەتی زانکۆ، بەرپرسی هۆبەری خوێندن و خوێندکارانی خوێندنی باڵا دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی تاوتوێکردن زمانی توێژینەوەکە بزانن و بتوانن قسەی پێبکەن و لێی تێبگەن و نابێت سەرپەرشتیار و خوێندکار داوای مامۆستایەکی دیاریکراو بکەن بۆ سەرۆکی لیژنە.

ئەوەش هاتووە، پێویستە ئەو کەسەی دەکرێتە سەرۆکی لیژنە، پلەی زانستی لە مامۆستای سەرپەرشتیار بەرزتر بێت.













گەلەری

‌بەپەلە