سەردێڕ:

هۆشیار زێباری: ئێمەو یەكێتیی لەیەكتر تێئەگەین؛ ئەنجامی هەڵبژاردنەکان روون و ئاشکرایە

AM:11:37:20/02/2025

1168 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی مەكتەب سیاسی پارتی لە كۆڕێكی بەشی رۆشنبيری راگەیاندنی مەکتەبی سياسی حزبەكەی رایگەیاند، لەگەڵ یەكێتیی گەیشتوینەتە ئەنجامی زۆر باش و پێشكەوتوو لەسەر بەرنامەی پێكهێنانی حكومەت. دەشڵێت، "ئێمەو یەكێتیی لە یەكتر تێئەگەین و بێ شك ئەم شتەشمان بە لایەنەکانی دیکە وتووە كە مەسەلەی ئێمە و یەکێتیی ٥٠ بە ٥٠ نییە، ئەنجامی هەڵبژاردن زۆر روون و ئاشكرایە". واتە لەگەڵ یەکێتیی ٥٠ بە ٥٠ حکومەت دابەش ناکەین.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٥، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لە كۆڕێكی بەشی رۆشنبيری راگەیاندنی مەکتەبی سياسی حزبەكەی رایگەیاند، گفتوگۆی ئەساسی ئێمە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانییە، تائێستا تەقریبەت حەوت بۆ هەشت كۆبوونەوەی باشمان لەگەڵ یەكتر كردووە. لەگەڵ یەكێتیی گەیشتوینەتە زۆر ئەنجامی باش و پێشكەوتوو لەسەر بەرنامەی پێكهێنانی حكومەت.

باسی لەوەشکرد، ئێمە گەیشتوینەتە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتوو بۆ دامەزراندنی حكومەت، واتە رەنگە ئێمە چاوەڕوانین ئەم چەند رۆژە كۆببینەوە لەسەر ئاستی هەردوو وەفدی دانوستاندن، نەك لە ئاستی لیژنە تەكنیكییەكان.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەقریبەت رێککەوتنێکمان كردووە دەتوانم بڵێم ٪٩٠ رێککەوتوین، بەڵام لەسەر نۆ تەوەری گفتوگۆكان یاخود کێشەکانی حوكمڕانی ماوە کە رێکبکەوین.

وتیشی، ئێمە و یەكێتیی لە یەكتر تێئەگەین و بێ شك ئەم شتەشمان بە لایەنەکانی دیکە وتووە كە مەسەلەی ٥٠ بە ٥٠ وەک ئەوە نییە، ئەنجامی هەڵبژاردن زۆر روون و ئاشكرایە.

لە قسەکانیدا، واتە پارتی دەنگی زیاتری بەدەستهێناوە ناکرێت یەکێتیی و پارتی وەک یەک هاوبەش بن لە پێکهێنانی حکومەت واتە نابێت ٥٠ بە ٥٠ بێت.













گەلەری