سەردێڕ:

سودانی: نێردەی دیپلۆماسیمان لە سوریا دەستی بەکارەکانی کردووەتەوە

AM:12:06:20/12/2024

5492 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، نێردەی دیپلۆماسی عێراق لە سوریا دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە و وتیشی، ئەوان پابەندن بە رێککەوتنەکان و پشتگیریکردن لە گەلی سوریا و بۆ دیاریکردنی داهاتووی خۆیان. دەشڵێت، حکومەتى عێراق لە ماوەى رابردوودا چەندین گۆرانکارى گەورەى لە ئابوریی وڵاتدا کردووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، محەمەد شیاع سودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییەى زمانحاڵى حکومەت ئاماژەی بەوەکرد، نێردەی دیپلۆماسی عێراق لە سوریا دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە و وتیشی، پشتگیری لە یەکپارچەیی و سیاسەتی هەمەلایەنە دەکەن لە سوریا بەبێ دەست تێوەردان.

باسی لەوەش کرد، هەوڵیانداوە بۆ نزیککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و تورکیا و چەندیجار هەوڵیان داوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە عێراق لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە بۆ رێککەوتن و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سوریا، بەڵام بەشار ئەسەد مەرجى هەبوە و کۆبونەوەکە سەرینەگرتووە.

هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، بەردەوام بوون لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی خاک و سەقامگیری عێراق و دوورخستنەوەی لە ئاگری شەڕی ناوچەکە و وتیشی، "بە هەموو جۆرێک عێراق دەپارێزین و لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بەردەوام دەبین لە رووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارەکان".

 

ئەوەش لەکاتێکدایە لە بارەی دەستکەوتەکانی عێراقیشەوە وتی، توانیویانە رێژەی هەژاری لە ٢٣٪ەوە کەمبکەنەوە بۆ لە ١٧٪ و هەروەها داهاتی نانەوتیش لە ٧٪ەوە بگەیەننە ١٤٪.













گەلەری