وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا لە پڕۆسەی راگوزاری سوریادا دەمێنێتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە رێگە نادات سوریا ببێتە "زەمینەیەکی بەپیت بۆ تیرۆر".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەیاننامەکانیدا کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بە خێرایی هەوڵماندا کۆدەنگییەک لە نێوان وڵاتانی دراوسێی سوریا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بکەین بەو ئاراستەیەی جیهان هیواخوازە سوریا بەو ئاراستەیەدا بڕوات”.
ئاماژەی
بەوەشکرد، دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی هێزە نوێیەکان بەتایبەتی تەحریر شام بە ڕوونی
چاوەڕوانییەکانی جیهان ببیستن ئەگەر بیانەوێت دانیان پێدابنرێت و پشتگیرییان لێبکرێت”.
لە لایەکی دیکەوە،
گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، داوای لە سەرکردایەتی
نوێی ئەو وڵاتە کرد، لەگەڵ کۆتایی هاتنی قۆناغی راگوزاری هەڵبژاردنێکی ئازاد و
دادپەروەرانە رێکبخەن.
لە کۆتایی سەردانەکەیدا
بۆ دیمەشق کە سێ رۆژە، پیدەرسن لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: داوای رێکخستنی
هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەکەم لەگەڵ کۆتایی هاتنی قۆناغی راگوزاری لە وڵاتدا،
کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی سێ قۆناغی داهاتوودا کۆتایی پێبێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئەوەی خستە روو، شەڕێکی گەورە لە باکووری خۆرهەڵاتی
سوریا رووی نەداوە و سەرقاڵی دامرکاندنەوەی ئاڵۆزییەکانن و تا ئێستاش ئاگربەستی
مەنبەج بەردەوامە.
لە سەردانەکەیدا،
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان دیدارێکی بەرفراوانی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی
گشتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ناسراو بە "ئەبو محمد الجولانی” و سەرۆکوەزیرانی
حکومەتی راگوزەر ئەنجامدا، جگە لە ژمارەیەک لە کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکانی
سوریا لە ناوەوە.