AM:10:07:28/11/2024
4452 جار خوێندراوەتەوە
وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، راگرتنی هەناردەی نەوت هۆکاری بڕیارەکەی دادگای فیرداڵی بوو بۆ تەوتینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم. دەشڵێت، بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، داهاتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش زیاد دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٨ی ١١ی ٢٠٢٤ باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە ئاماژەی بەوەش کردووە، راگرتنی هەناردەی نەوت لە ئازاری ٢٠٢٤وە، کاریگەری لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان هەبووە و پارەی نەختینەی هەرێم کردووە، ئەوەش سەرەڕای کەمبوونەوەی هەناردەی رۆژانەی نەوتی عێراق.
ئەوەشی خستووەتە روو، دادگای فیدراڵی بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی
هەرێمەوە بڕیاری تەوتینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی دەرکرد.
باسی لەوەش کردووە، کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک
نەوت داوای ٢٦ دۆلاریان دەکرد، حکومەتی عێراقیش ئامادە بوو تەنها شەش دۆلار بدات،
بەڵام لە ئێستادا لەسەر ١٦ دۆلار رێککەوتن کراوە، بەوەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت
دەست بە هەناردەی نەوت بکاتەوە بەوهۆیەشەوە داهاتی هەرێم و عێراقیش زیاد دەکات.
دەشڵێت، ئەگەر رێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم سەربگرێت،
ئەوا رێگە بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز خۆشدەکات.