سەردێڕ:

عێراق: ئێران بەڵێنی داوە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئاسمانی عێراق بەکارنەهێنێت

PM:03:09:08/11/2024

904 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگه‌یاند، ئێران بە فەرمی پێی راگەیاندوون و بەڵێنی پێ داون کە بۆ وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل، ئاسمانی عێراق بەکارناهێنن.


فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل ئاسمانی عێراقی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکارهێنا، به‌ڵام ئێران بە فەرمی پێی راگەیاندوین بۆ وەڵامی هێرشی ئیسرائیل ئاسمانی عێراق بەکارناهێنین.

ئەوەشی خستووەتە روو، ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی گشتگیر لە ناوچەکە لە ئارادایە و کار و کاردانەوەکان بەرەو پێکدادانی زیاتر دەچن، هەربۆیە دەبێت وەک عێراق، سیاسەتی دەرەوەیان ئاشکراو دیاریکراو بێت.

باسی له‌وه‌ش كرد، ئەمریکا رۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە رێگریکردن لە ئیسرائیل تا هێرش نەکاتە سەر بارەگاو پێگەی گروپە چەکدارییەکان لە عێراق.

پێشتر، ئەنجومەنی وزاری ئاسایشی عێراق ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە بەکارهێنانی عێراق دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشکردن تەنها بەهانەن بۆ دەسدرێژییکردنە سەر خاکی عێراق.

پێشتریش عێراق جەختی لەوە کردبووەوە کە نایەوێت وڵاتەکەی ببێتە بەشێک لە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆ ئەو مەبەستەش لەرێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵدەدات کاریگەری جەنگەکە لەسەر وڵاتەکەی کەمبکاتەوە.













گەلەری