سەردێڕ:

سەرکەوتنی ترەمپ کاریگەری لەسەر ئابووریی جیهان دروستکرد

PM:10:47:07/11/2024

2260 جار خوێندراوەتەوە

سەرکەوتنی ترەمپ کاریگەرییەکەی لەسەر ئابووریی جیهان دەرکەوت، نرخی نەوت و دۆلاری بەرزکردەوە و نرخی زێڕی دابەزاند، بە شێوەیەک زێڕ بەراورد بە ماوەی رابردوو هەر ئۆنسەیەکی ٢٣٠ دۆلار دابەزی.


سەرکەوتنەکەی ترەمپ بەسەر کامالا هاریس و گەرانەوەی بۆ کۆشکی سپی، کاریگەرییەکانی بەسەر ئابووریی جیهانەوە دەرکەوت و نرخی زێڕ هاڕەی کرد و نەوت و دۆلاریش بەرەو کەشکەلانی فەلەک دەچێت. بانکی ناوەندی ئەوروپاش دەڵێت، ترەمپ دەبێتە مەترسی بۆ گەشەی ئابووری لە جیهان.

لەدوای سەرکەوتنی ترەمپەوە زێڕ لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا ٦٠ دۆلار لە نرخەکەی دابەزی و بەراورد بەماوەکانی رابردووش ئۆنسەیەک لە کانزا زەردەکە زیاتر لە ٢٣٠ دۆلاری لێبووەتەوە، بەو پێیەی لە ماوەکانی رابردوو نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بۆ نزیکەی دوو هەزار ٨٨٠ دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام لە ئێستادا نرخی ئۆنسەیەک لەو کانزایە بە کەمتر لە دوو هەزار و ٦٥٠ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت. هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش کاریگەری سەرکەوتنەکەی ترەمپ دەرکەوت و نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ نزیکەی حەوت هەزار دیناری دابەزی.

پێچەوانەی زێڕ؛ سەرکەوتنەکەی ترەمپ لەگەڵ خۆی نرخی نەوت و دۆلاری بەرز کردەوە و هەر بەرمیلێک دۆلارێکی چووە سەر، هەرچی دۆلاریشە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە و گەیشتە بەرزترین ئاستی چوار مانگی رابردوو پشکەکانی ئەمریکاش بە رێژەی نزیکەی ٣٪ بەرز بووەوە.

هۆکاری ئەو کاریگەرییەی ترەمپ، شارەزاییەتی لە ئابووری بەوپێیەی جیا لە سیاسەت بازرگانێکی گەورەی ئەمریکایە و شارەزاییەکی باشی لەو بوارەدا هەیە، پێچەوانەی بایدن، ترەمپ لەگەڵ کەمکردنەوەی سوودیی بانکیدا نییە، کە ئەوەش راستەوخۆ بە مانای بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ دێت، بەوپێیەی رێگریکردن لە کەمکردنەوەی سوودیی بانکی دەبێتە هۆی ئەوەی دۆلاری کەمتر بخرێتە بازاڕەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهاکەی، بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی زێڕ لە جیهاندا.













گەلەری