سەردێڕ:

'٤٠٠ هەزار فەڵەستینی لە برسێتیدا دەژین'

PM:05:45:04/11/2024

1088 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە تەندروستی فەڵەستینەوە بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاند، ئیسرائیل رێگری کردووە لە گەشتنی سێ هەزار و ٨٠٠ بارهەڵگری هاوکاری و بەهۆی نەگەشتنی ئەو هاوکارییانەوە ٤٠٠ هەزار فەڵەستینی لە برسێتیدا دەژین.


ئەمڕۆ دووشەممە، چاوگێک لە تەندروستی فەڵەستینەوە بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاند، بەهۆی نەگەشتنی ئەو هاوکارییانەوە ٤٠٠ هەزار فەڵەستینی لە برسێتیدا دەژین لە ١٠٠ هەزاریان منداڵن.

باسی لەوەش کردووە، لە ماوەی مانگێکدا لە باکووری کەرتی غەززە هەزار و ٨٠٠ فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا و چوار هەزاری دیکە بریندار بوون و سەدان کەسیش بێسەروشوێن بوون.

ئەوەشی خستە روو، ئیسرائیل لە باکووری غەززە ئەو فەڵەستینیانە بە ئامانج دەگرێت کە نایانەوێت ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بۆردوومانی نەخۆشخانە و ژێرخانی ناوچەکە دەکات.

پێشتر، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی غەززە بەردەوامە و بەپێی دوایین ئامار تا ئێستا زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.

جەنگی غەززە لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، جەنگەکە دوای ئەوە دروستبوو کە بزوتنەوەی حەماس بە پێنج هەزار مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لەو کاتەوە بڵێسەی ئاگری جەنگی نێوانیان پەرە دەسەنێت.

لە جەنگی غەززەدا سەرەڕای هەموو زیانەکانی؛ دۆخی تەندروستی لە وڵاتەکەدا بە جۆرێک خراپە، چەندین نەخۆشی و بەتایبەتیش نەخۆشی پێست بڵاوبوونەتەوە و منداڵانیش قوربانی یەکەمی جەنگەکەن.

سەرەڕای هۆشداری وڵاتان و هەوڵەکانیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و راگرتنی جەنگ، بەڵام هێشتا هیچ ئومێدێک بە راگرتنی جەنگ نییە و هێرشەکانی ئیسرائیل پەلی هاویشتووە بۆ لوبنان و سوریا و ئیرانیش.













گەلەری