سەردێڕ:

لوبنان؛ بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بەردەوامن

PM:02:26:01/11/2024

1180 جار خوێندراوەتەوە

میدیاكانی لوبنان بڵاویانكردەوە، بەیانی ئەمڕۆ دەیان باڵەخانە ، بەهۆی هێرشی فرۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلەوە تەختی زەوی كراون. تەندروستى لوبنانیش دەڵێت، له‌ سه‌ره‌تای هێرشەکانى ئیسرائیلەوە دوو هه‌زار و ٨٦٧ كه‌س کوژراون


ئاژانسی هەواڵی لوبنان بڵاوی کردەوە، فرۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بەیانی ئەمڕۆ ١٠ هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر چەندین ناوچە لە زاحیەی باشوری شارى بەیروت ئەنجامداوە، كە بە پێگەی سەرەكی حزبوڵای لوبنان دادەنرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەكان وێرانكارییەكی گەورەی لەو ناوچانە لێ كەوتووەتەوە و دەیان باڵەخانە تەختی زەوی بوون، وێڕای كەوتنەوەی ئاگر.

هاوکات رۆژنامەی واشنتۆن پۆست پاڵپشت بە مانگە دەستكردەكان بڵاویكردووەتەوە، نزیكەی ٢٥٪ـی باڵەخانەكانی ٢٥ شار و شارۆچكە لە باشوری لوبنان كە نزیكی سنوری ئیسرائیلن خاپوركراون یان زیانیان پێگەیشتووە.

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەروو، كۆی گشتیی كوژراوه‌كان له‌سه‌ره‌تای هێرشەکانى ئیسرائیل بۆسه‌ر لوبنان گه‌یشتوه‌ته‌ دوو هه‌زار و ٨٦٧ كه‌س، هه‌روه‌ها ١٣ هه‌زار و ٤٧ كه‌سی دیكه‌ش بریندارن.

هاوکات، ئیسرائیلیش دەڵێت هێرشەکان لە وەڵامى هێرشە موشەکییەکانى گروپە چەکدارەکانى لوبنانە بۆ سەر شارەکانی ئیسرائیل.













گەلەری