سەردێڕ:

'بەغدا لیستی مووچەی گەڕاندووەتەوە و بە هەرێمی وتووە چاکی بکەن و بیهێننەوە'

PM:11:27:30/10/2024

3548 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆتایی مانگی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لیستی مووچەی مانگی ١٠ی گەیاندە وەزارەتی دارایی عێراق، بە گوێرەی لێدوانەکانی بەرپرسانی هەرێمیش بێت گرفتەکانی موچە هێشتا بە هەڵواسراوی ماونەتەوە. چاوگێکیش لە حکومەتی کاربەڕێکەر ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەغدا لە لیستی مووچەی مانگی ١٠دا تێبینی هەیە و لیستەکەی گەڕاندووەتەوە بۆ شاندەکەی هەرێم و پێی وتوون، تاوەکو چاکی نەکەن لێتان وەرناگرین.


چاوگێک لە حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند،لیستی مووچەی مانگی ١٠ جیاوازە لە مانگەکانی دیکە، بەڵام بەغدا هەر تێبینی هەیە و لیستەکە ژمارەی ناڕوونی تێدایە و لە چەند رۆژی داهاتوودا جارێکی دیکە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێتەوە.

لەوبارەیەوە، دارا سێکانیانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا شاندێکی هەرێم لە بەغدایە و گفتوگۆکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان، حکومەتی عێراقیش سورە لەسەر ئەوەی موچەی هەرێم دەبێت لەسەر بنەمای ڕادەستکردنەوە داهاتی نانەوتی و خاڵە سنوورییەکان بێت.

هاوکات، غەریب عەسکەر ئەندامی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد، "کێشەی مووچە هونەرییە و داوا دەکەم لیژنەی هاوبەش پێکبهێنرێت، تاوەکو تەواوی گرفتەکان چارەسەربکرێن، مووچەخۆرانی هەرێمیش عێراقین و هەموولایەک دەبێت پابەندبن بە دابین کردنی مافەکانیان و مووچەکانیان.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕتی ڕاگەیاند بە زوترینکات پڕۆسەی وربینی لە لیستی مووچە و دەرخستەی کۆتایی مانگانەی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات و ئەگەر کێشەو کەموکوڕیەکانی لیستی مووچە چارەسەر کرابوون و لیستەکە بێ کێشەبێت تەواوی مووچەی مانگی ١٠ی موچە خۆران دەخرێتە سەر هەژماری بانکی هەرێم.

ئێستا چاوەکان لەسەر ئەوەن، تاوەکو کۆتای ئەمساڵ هات و نەهاتی مووچە بە تەواوەتی کۆتای پێبێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا هەیە لە نێوان هەرێم و بەغدا هێشتا لێکتێنەگەشتن لەسەر چەند خاڵێک هەیە و پێدەچێت لە هەفتەکانی داهاتوشدا سەردانی شاندەکانی هەرێم بۆ بەغدا بەردەوام دەبێت.













گەلەری