سەردێڕ:

تەندروستیی جیهانی: لە باکووری غەززە کارەسات روودەدات

AM:11:14:27/10/2024

1348 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات لە دۆخی تەندروستی لە باکووری غەززە و رایگەیاندووە، کارەسات روودەدات.


تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی جیهانی رایگەیاندووە، بەهۆی نەبوونی دەرمان و کەرەستەی پێویستی پزیشکی لە باکووری غەززە و سنوورداری دەسترڕاگەیشتن بەو دەرمان و پێویستیانە دۆخی تەندروستیی لە باکووری غەززە مەترسیدار کردووە.

باسی لەوەشکردووە، ئەو دۆخە وایکردووە دانیشتووانی ئەو ناوچانە بێبەش بن لە وەرگرتنی چارەسەری گونجاو بۆ نەخۆشییەکان.

ئەوەشی خستووەتە روو، بەتایبەتی دۆخەکە لە نەخۆشخانەی کەمال عەدوان سەختە، کە کۆتا نەخۆشخانە بوو لە کەرتی غەززەدا بەردەوام بوو لە کارەکانی و رۆژی هەینی رابردوو بۆردومان کرا، کە بەپێی میدیاکانی غەززە، بەهۆی بۆردومانەکەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا و سەدان نەخۆش و پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەش بریندار بوون.

تەندروستی جیهانی دەشڵێت، بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنە چڕانە و ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر ناوەندە تەندروستییەکانی غەززە، دۆخەکە کارەساتبارە و وێرانکاری روودەدات.

جەنگی غەززە لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، جەنگەکە دوای ئەوە دروستبوو کە بزوتنەوەی حەماس بە پێنج هەزار مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لەو کاتەوە بڵێسەی ئاگری جەنگی نێوانیان پەرە دەسەنێت.

لە جەنگی غەززەدا سەرەڕای هەموو زیانەکانی؛ دۆخی تەندروستی لە وڵاتەکەدا بە جۆرێک خراپە، چەندین نەخۆشی و بەتایبەتیش نەخۆشی پێست بڵاوبوونەتەوە و منداڵانیش قوربانی یەکەمی جەنگەکەن.

سەرەڕای هۆشداری وڵاتان و هەوڵەکانیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و راگرتنی جەنگ، بەڵام هێشتا هیچ ئومێدێک بە راگرتنی جەنگ نییە و هێرشەکانی ئیسرائیل پەلی هاویشتووە بۆ لوبنان و سوریا و ئیرانیش.













گەلەری