سەردێڕ:

گرنگیی کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە چییە؟

PM:03:30:26/10/2024

832 جار خوێندراوەتەوە

بۆ جیهان، هەڵبژاردنی ئەمریکا دیاریکردنی ناسنامەی ئەو کەسەیە کە دەچێتە کۆشکی سپی، بەڵام زۆرێک لە ئەمریکییەکان پێیان وایە شەڕی کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس لە دەنگدانی سەرۆکایەتی گرنگییەکەی کەمتر نییە، کە پێدەچێت لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا تا دوایین سات یەکلایی نەبێتەوە.


جیاواز لە وڵاتانی تری جیهان شێوازی دەنگدان لە ئەمریکا بەشێوەیەکە سەرۆک هێز و دەسەڵات لە کۆنگرێسەوە وەردەگرێت کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا نوێنەرانی پارتەکەی کۆنتڕۆڵی کۆنگرێس بکات، دەبێتە خاڵی سەرکەوتن بۆ سەرۆکە نوێیەکە تا کارنامەی یاسادانانی خۆی دەربکات.

کۆنگرێس بریتیە لە دەستەیەکی یاسادانانی سەرەکی لە سیستمی سیاسی ئەمریکا و لە دوو بەش پێکدێت، ئەوانیش ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەرانە، کە جیاوازن لە یەکتر و هەریەکەی ئەرکی خۆی هەیە و بوونی هەردوو بەشەکەش گرنگن و سەرەکین لە دانانی یاساکاندا.

بۆ نمونە ئەنجومەنی نوێنەران کە ژمارەی ئەندامەکانی ٤٣٥ ئەندامە و هەر ئەندامێکیشی بۆ دوو ساڵ لەو پۆستەیدا دەبێت، لە ئەنجومەنی پیران کراوەتر و دیموکراتی ترە و زیاتر گرنگی بە کاروباری ناوخۆی وڵات دەدات.

بەپێی دووەم بڕگەی ماددەی یەکەمی دەستوری ئەمریکا، ئەنجومەنی نوێنەران خاوەنی تاکە دەسەڵاتە بۆ لابردنی سەرۆکی وڵات لە پۆستەکەی، بەڵام دادگاییکردنی سەرۆک لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پیراندا دەبێت.

هەرچی دروستبوونی ئەنجومەنی نوێنەرانیشە بۆ سەردەمی داڕشتنی دەستوری ئەمریکا دەگەڕێتەوە، کە ئەو کات هەندێک پێی وابوو پێویستە لانی کەم حکومەت باڵێک یان لایەنێکی دیموکراتی هەبێت.

سەبارەت بە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاش کە ژمارەی سیاناتۆرەکانی ١٠٠ سیناتۆرە، جدی تر و ئۆرۆستۆکراتی ترە، ماوەی پۆستی هەر سیناتۆرێکیش ٦ ساڵە، بەڵام هەر دوو ساڵ جارێک هەڵبژاردن بۆ یەک لەسەر سێ، واتە ٣٣ لە ئەندامەکانی دەکرێن.

ئەوە لە کاتێکدایە، دەسەڵاتی ئەنجومەنی پیران زۆر بەهێزە، بە تایبەتی لە کاروباری سیاسەتەکانی دەرەوە، بۆ نمونە دەتوانێت بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان هەڵبوەشێنێتەوە.

هەروەها کۆنگرێس بەرپرسە لە دەربڕینی ڕەزامەندیی لەسەر دانانی دادوەرە فیدراڵییەکان ودانانی بودجەی گشتی و یارمەتیدانی سەرۆکی وڵات لە بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسەتی دەرەوە.

بە گشتیش بەشداریکردنی هەردوو ئەنجومەنەکە واتە نوێنەران و پیران، پێویستن لە کاراکردنی پرۆسەی یاساداناندا و بە تەنیا یەکێکیان نابرێت بەڕێوە، هەر بۆیە بە وتەی چاودێران گرنگی کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە گرنگی کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کەمتر نیە.













گەلەری