سەردێڕ:

تا دێت ئاڵۆزییەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل چڕتردەبێتەوە

PM:10:23:21/10/2024

1936 جار خوێندراوەتەوە

لە پێناو گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی دیبلۆماسی بۆ جەنگی لوبنان، سەرۆکی ئەمریکا نوێنەری خۆی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، بەڵام مەرجە قورسەکانی ئیسڕائیل ڕەنگە ڕێگەچارەکان ئاستنەگ بکات.


ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمریکی و ئیسرائیلی بە پێگەی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، حکومەتی تەلئەبیب مەرجەکانی خۆی سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی دیبلۆماسی بۆ کۆتییهێنان بە جەنگی لوبنان پێشکەش بە ئامۆس هۆکستین نوێنەری جۆ بایدن دەکات.

بە پێی سەرچاوەکان گرنگترین مەرجەکان بریتین لەوەی ڕێگە بە سوپای ئیسرائیل بدرێت لە ئۆپراسیۆنەکانی لەسەر سنور بەردەوام بێت تا ئەوکاتەی دڵنیا دەبن لەوەی چیتر حزبوڵڵا توانای خۆ ڕێکخستنەوە و دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانە سەربازییەکەی نابێت لەناوچە سنورییەکانی نێوان لوبنان و ئیسڕائیل.

هەروەها ئیسرائیل داوای کردووە مافی ئەوەی هەبێت بە ئازادی لە بواری ئاسمانی لوبنان چالاکی و چاودێریی بکات، بەڵام ئەو مەرجانەی تەلئەبیب پێچەوانەی بڕیاری (١٧٠١) ی ئەنجومەنی ئاسایشە، کە باس لەوە دەکات ئەرکی جێبەجێکردنی بڕیاری ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان تەنیا ئەرکی سوپای لوبنان و هێزە کاتییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانە لە لوبنان.

یونیفیلهێزێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە و ساڵی ١٩٧٨ پێکهێنرا لە پێناو چاودێریکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل لە باشوری لوبنان و جێگیرکردنی ئاسایش لە ناوچە سنورییەکان، لەگەڵ یارمەتیدانی حکومەتی بەیروت لە چەسپاندنی دەسەڵاتەکانی.

هەرچی ئەرکی سەرەکی هێزەکەشە، جێبەجێکردنی بڕیاری (١٧٠١) ە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای جەنگی ساڵی ٢٠٠٦ ی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵڵا دەریکرد. هەر بۆیە بەرپرسێکی ئەمریکی بە پێگەی ئەکسیۆسی راگەیاندووە، ئاستەنگە لوبنان یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە مەرجەکانی حکومەتی بنیامین ناتینیاهۆ قایل بن.

هەرچۆنێک بێت ئەگەرچی حکومەتی لوبنان پشتگیریی بەهێز لە جێبەجێکردنی بڕیاری (١٧٠١) دەکات، بەڵام فراکسیۆنی حزبوڵڵا و هاوپەیمانەکانی لە پەرلەمانی لوبنان دژایەتی دەکەن، بەو پێیەی لە تواناکانی حزبوڵڵا کەمدەکاتەوە، ئەوەش هێندەی تر دیمەنی سیاسی لوبنانی ئاڵۆزتر کردووە.

ئەو پێشهاتانەش لە کاتێکدایە دەنگۆی پرۆژەیەکی هاوبەش لە نێوان ئەمریکا و فەڕەنسا لە ئارادایە لە ژێر ناوی بڕیاری (١٧٠١ پڵەس)، کە گۆڕانکاریی لە بڕیارە کۆنەکە دەکات و ١٤ چارەسەی دیبلۆماسی بۆ ململانێی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵڵا لەخۆگرتووە.













گەلەری