سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا

AM:08:41:16/10/2024

2196 جار خوێندراوەتەوە

دوای هێرشە مووشەکییەکەی دوو هەفتە بەر لە ئێستای ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و ناجێگیری دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، لە ئێستاشدا نرخی ئەو زێڕە رەشە ناجێگیرە و رۆژانە گۆڕانی نرخەکەی لەنێوان دوو بۆ سێ دۆلاردایە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٧٤ دۆلار و ٤٩ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی جێگیرە.
هاوکات، یەک بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٧٠ دۆلار و ٨٥ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو چاوگی ناو رێکخراوی ئۆپیک پڵەسەوە بڵاوی کردەوە، رێکخراوەکە دەیەوێت بەردەوام بێت لە سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ.
ئاماژە بەوەش کراوە، رێکخراوەکە لە کۆتایی ئەمساڵ دەست دەکات بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتەی کە لە ئێستادا هەیەتی.
لە ماوەی رابردوودا، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی پێنج ملیۆن و ٨٦ هەزار بەرمیل کەم کردەوە و ئەو کەمکردنەوەیە تاوەکو کانونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، دواتر بەرهەمهێنانی ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکەن.













گەلەری