سەردێڕ:

پارێزگاری بانکی ناوەندی لەبارەی قەرزی بانکییەوە روونکردنەوە دەدات

PM:04:53:08/10/2024

1196 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، ئامانج لە جێبەجێکردنی سیستمی قەرزی نیشتیمانی لەڕێگەی بانکی ناوەندییەوە بوژاندنەوە و بەرەوپێشبردنی کەرتی ئابووری عێراقە. دەشڵێت، "بەردەوام دەبین لە پێدانی قەرزی بانکی بە هاوڵاتیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان".


ئەمڕۆ سێشەممە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، سیستمی قەرزی نیشتیمانی بۆ پڕۆژە بچوک و مامناوەند و گەورەکان، رۆڵێکی کاریگەری لەسەر بوژاندنەوەی کەرتی ئابووری و بەرزکردنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بە بانکەکە هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام دەبن لە پێدانی قەرزی نیشتیمانی بە هاوڵاتیان و بازرگانان بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان کە لەپاڵ بەرەوپێشبردنی ئابووریی عێراق، هۆکارە بۆ زیادکردنی هەلی کار بۆ گەنجان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٢٥ـی ئایاری ئەمساڵ بانکی ناوەندی، سیستمی پێدانی قەرزی نیشتیمانی لە عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٤ تا ٢٠٢٩ راگەیاند بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی خاوەن بیرۆکەی پڕۆژەی جۆراوجۆرن.

سیستمی قەرزی نیشتمانی، جۆرێکی قەرزی نوێی بانکی ناوەندییە کە تایبەتە بە گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و دەستی کار لە بازاڕەکانی ناوخۆدا و لەوبارەیەشەوە پێشتر پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، سیستمەکە لەمساڵەوە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٩ کاری پێدەکرێت.













گەلەری