سەردێڕ:

ساڵێک بەسەر جەنگی غەززەدا تێپەڕی؛ منداڵانیش قوربانی سەرەکی جەنگەکەن

PM:09:21:07/10/2024

1400 جار خوێندراوەتەوە

جگە لە ئاگری جەنگ دانیشتوانی غەززە رووبەڕووی برسییەتی و نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوە دەبنەوە و نەخۆشییەکانی پێستیش بووەتە مۆتەکەی کوشندە بۆ منداڵانی غەززە کە ماوەی ساڵێکە یان لە کەمپەکان یان لەژێر داروپەردوی ماڵەکانیاندا ژیان دەکەن.


منداڵانی غەززە کە ساڵێک لەمەوبەر و پێش هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل خەونی گەورەیان هەبوو و چاوەڕێ بوون بڕۆنەوە بۆ قوتابخانەکان، ئێستا بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن و چەندان جار رێکخراوە جیهانییەکان هۆشداریان لەبارەی دۆخی منداڵانی غەززەوە داوە.

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف' رایگەیاند، منداڵانی کەرتی غەززە لە نێوان نەخۆشیەکانی پێست و ژینگەیەکی ناتەندروست و بەردەوامی جەنگ ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەخت دەبنەوە.

لایخۆشییەوە، ئەلجەزیرە لە زاری بەرپرسێکی تەندروستی غەززەوە بڵاوی کردووەتەوە زیاتر لە ١٣ هەزار منداڵ لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٧١ هەزاریش بریندارن و هاوکاری پزیشکی پێویستیشیان پێشکەش ناکرێت.

سوپاى ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بە هێرشەکەى حەوتى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردووى حەماس بۆسەر ئیسرائیل، بڵاوی کردەوە، لە ماوەى ساڵێکدا ٧٢٦ سەربازیان کوژراون و چوار هەزار و ٥٧٦ـی دیکە بریندار بوون،.

باسى لەوەش کردووە، ١٣ هەزار موشەک لە کەرتى غەززە و ١٢ هەزاریش لە لوبنانەوە ئاڕاستەى ئیسرائیل کراون، لە سوریاشەوە ٦٠ موشەک و لە یەمەن ١٨٠ موشەک و لە ئێرانیشەوە ٤٠٠ موشەک ئاراستەى ئیسرائیل کراون.

سوپاى ئیسرائیل ئاشکراشی کردووە، لە ماوەى هێرشەکانیان بۆسەر کەرتى غەززە، چوار هەزار و ٧٠٠ دەروازەى تونێل دۆزراونەتەوە، هەزار شوێنى هەڵدانى موشەک کراونەتە ئامانج، لەگەڵ ٤٠ هەزار ئامانجى دیکە.

لە بەرامبەردا میدیاکانى فەڵەستین بڵاویان کردەوە، لە ماوەى یەک ساڵى رابردوودا زیاتر لە ٤١ هەزار فەڵەستینى کوژراون و ٩٧ هەزارى دیکەش برینداربوون کە بەشى زۆرینەیان ژن و منداڵن.

لەدوای یەک ساڵ و لەبارەی مەترسییەکانی فراوانبوونی ئاگری شەرەکە وڵاتان هەوڵەکانیان بۆ راگرتنى جەنگە خوێناوییەکە دەدەن و دەیانەوێت ناوچەکانى دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بە پریشکی ئاگرى جەنگەکە نەسوتێت.

هاوکات، کامالا هاریس جێگرى سەرۆکی ئەمریکا و کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتى رایگەیاند، بەردەوام دەبێت لە فشار خستنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی شەر، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنساش داوای لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردوە ئاگربەست لە غەززە و لوبنان رابگەیەنێت.













گەلەری