سەردێڕ:

پۆلیسی بەریتانیا: گەنجێکی کورد بێسەروشوێنە و داوا دەکەین کێ زانیاری لەسەری هەیە پێمان بڵێت

AM:09:19:06/10/2024

52752 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی دوو هەفتەیە گەنجێکی کورد لە ناوچەی چێشێر لە بەریتانیا دیار نەماوە و پۆلیسی ناوچەکەش لەپاڵ گەڕانەکانی خۆیان لەڕێگەی ئێن ئاڕ تییەوە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن، ئەگەر هەر کەسێک زانیاری سەبارەت بە شوێنی ئەو گەنجە هەیە پەیوەندییان پێوە بکات.


گەنجەکە ناوی (شوانە رەشید)ـە، تەمەنی ٣٤ ساڵە، باڵای ١٨٧ سانتیمە، چاوی قاوەییە و قژی رەشە.

بە وتەی پۆلیسی چێشێر، شوانە دوایین جار لە ٢٠ـی مانگی ٩ بینراوە و لە ٢٦ـی مانگی ٩ هەواڵی دیارنەمانی بڵاو بووەتەوە، ماوەی نۆ رۆژە گەڕان بەشوێن ئەو گەنجەدا لەلایەن تیمەکانیانەوە بەردەوامە بەڵام تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

شوانە نیشتەجێی شارۆچکەی کریو بووە لە ناوچەی چێشێری بەریتانیا، هاوکات هاتوچۆی ناوچەکانی مانچستەر و لیڤەرپووڵ و سکێگنێسی کردووە.

پۆلیسی چێشێر دەشڵێت، "ژمارەیەک لێکۆڵینەوەمان ئەنجام داوە بۆ دۆزینەوەی شوێنی شوانە، بەڵام تا ئێستا نەمان دۆزیوەتەوە و داواش دەکەین ئەگەر هەر کەسێک زانیاری لەبارەی شوێنی شوانەوە هەیە، لەڕێگەی وێبسایتی فەرمی پۆلیسی ناوچەکەوە بە زووترین کات ئاگادارمان بکاتەوە".

وتیشی، داوا لە شوانە دەکەن لە هەر شوێنێکە و ئەو بانگەوازانە دەبینێت، پەیوەندییان پێوە بکات و ئاگاداریان بکاتەوە لەوەی کە ئەو باشە.













گەلەری