سەردێڕ:

ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیزدا خنکان

PM:05:58:05/10/2024

1572 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا رایانگەیاند، لە رووداوێکدا لە کەناڵی ئینگلیزدا ژمارەیەک کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە کە منداڵیشیان تێدایە.


ئەمڕۆ شەممە، دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا رایگەیاند، لەکاتی پەڕینەوەیان لە فەڕەنساوە بۆ ئینگلتەرا ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیزدا خنکاون.

ئاماژەیان بەوەش کرد، ١٤ کۆچبەر لەناو بەلەمەکەدا بوون، بەڵام هێشتا ژمارەی ئەو کەسانەی کە خنکاون و هۆکاری رووداوەکە بە تەواوی نەزانراوە.

باسیان لەوەش کرد، هێشتا ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردنی کۆچبەرەکان لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە بەردەوامە.

کەناڵی ئینگلیز بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگاکانی کۆچکردنی نایاسایی دادەنرێت کە کۆچبەران بۆ گەیشتن بە خاکی بەریتانیا پەنای بۆ دەبەن و ساڵانە چەندین کۆچبەر لەو رێگایەدا گیان لەدەست دەدەن و بێسەروشوێن دەبن. وڵاتانی ئەوروپاش بەردەوام لە هەوڵی زیاتر توندکردنەوەی رێکارەکانیانن بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی لە رێگا مەترسیدارەکانی وشکانی و دەریاییەوە.

هاوکات، بەپێی دوایین ئاماری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری کۆچبەران، تا ١٥ـی ئەیلولی ئەمساڵ ٢٣ هەزار و ٥٣٣ کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیزەوە بۆ بەریتانیا پەڕیونەتەوە. لەکاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ـدا ٢٩ هەزار و ٤٣٧ کۆچبەر بە بەلەمی بچوک لە کەناڵەکە پەڕیونەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا زۆرترین پەنابەر لە کەناڵی ئینگلیزەوە چوونەتە بەریتانیا کە ژمارەیان ٤٥ هەزار پەنابەر بووە و ئەو ژمارەیەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دادەنرێت.


 













گەلەری