سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی سەربەخۆیی ھەیە و بە پیشەیی بوونی تەواوەوە دەسەڵاتەکانی بەکار دەھێنێت، هەروەها دەیانەوێت بانکێکی نوێ دابمەزرێنن کە نوێترین تەکنەلۆجیای تێدا بەکاربهێنرێت.
محەمەد شیاع سودانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووساندا لە ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، ٩٥٪ـی گواستنەوەی دارایی لە بازرگانیی عێراقدا لەڕێگەی بانکی متمانەپێکراوەوە ئەنجام دەدرێت.
باسی لەوەش کرد، ساڵی داهاتوو سەکۆی ئەلکترۆنی دادەخەن و بەشی
رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە لە بانکی ناوەندی هەموو هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سپیکردنەوەی پارە.
راشیگەیاند، عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکیدا رێککەوتنێکی
واژۆکردووە بۆ چاکسازی لە کەرتی بانکیئ عێراقدا و بانکی ناوەندی توانیویەتی متمانە لای عێراقییەکان دروست بکات تاوەکو
مامەڵەکانیان بکەن بە مامەڵەی ئەلکترۆنی.
ئەوەشی خستە روو، پلانێکیان داڕشتووە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وڵات، بە تەرخانکردنی بڕی ٨٣ ملیار دۆلار، هەروەها عێراق بە قۆناغیكی سەقامگیری و ئارامیدا
تێدەپەڕێت و لە قۆناغی جەنگەوە هەنگاوی بۆ قۆناغی پێشکەوتن ناوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا سودانى باسی لەوەش کرد، دەیانەوێت ٤٠٪ـی نەوتی
هەناردەکراو بگۆڕن بۆ پیشەسازییەکانی نەوت، هەروەها لە بواری کشتوکاڵدا بە رێژەی ٣٠٪
پاڵپشتی جوتیارانیان کردووە و کاریش دەکەن بۆ رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان.
رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە بەمەبەستی بەشداریکردن لە ٧٩یەم
خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە
ئەمریکا.
بەپێی راگەیەنراوی نوسینگەی سودانی، سەرۆک وەزیران لە
پێشکەشکردنی وتاری عێراقدا لەبەردەم سەرکردە و نوێنەرانی وڵاتە جیاوازەکان، باس لە
زیادکردنی هاوکارییەکان و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم وڵاتەکە، هەروەها
جەخت لە پابەندییەکانی وڵاتەکە بە چەند پرسێکی جیهانییەوە دەکات.