لە پێشهاتێکی زانستی نوێدا، کار لەسەر ڤاکسینێکی داهێنەرانە کراوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی شێرپەنجەی سییەکانە.
تاقیکردنەوەیەکی نوێ لە بەریتانیا دەستیپێکرد بۆ دۆزینەوەی ڤاکسینێکی داهێنەرانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی سییەکان.
ئەم ڤاکسینە لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای (mRNA)ئەنجامدراوە،هەنگاوێکی نوێی ئومێدبەخشە لە بواری چارەسەری بەرگری شێرپەنجەدا.
ڤاکسینە نوێیەکە کە بەBNT116 ناسراوە، لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیایەکی مۆدێرن دامەزراوە کە سیستەمی بەرگری جەستە ڕادەهێنێت بۆ ناسینەوەی نیشاندەری تایبەت لەسەر ڕووی خانەکانی شێرپەنجەی سییەکان، ئەم پرۆسەیە ڕێگە بە سیستەمی بەرگری دەدات بە وردبینییەکی بەرزەوە هێرش بکاتە سەر خانە شێرپەنجەییەکان، بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر خانە تەندروستەکان هەبێت، جێگای سەرنجە ئەم تەکنەلۆجیایە هەمان ئەو تەکنەلۆجیایەیە کە بە سەرکەوتوویی لە پەرەپێدانی ڤاکسینی Covid-19 بەکارهێنراوە.
لە کاتێکدا چارەسەرە تەقلیدییەکانی شێرپەنجەی سییەکان پشت بە نەشتەرگەری و چارەسەری کیمیایی و تیشک دەبەستن، ڤاکسینە نوێیەکە چەمکێکی تەواو جیاوازی لەگەڵدایە، گرنگی بە بەرزکردنەوەی سیستەمی بەرگری جەستە دەدات بۆ هێرشکردنە سەر خانە شێرپەنجەیەکان و کەمکردنەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکان و باشترکردنی ژیانی نەخۆشەکان.
شایەنی باسە گرنگیدان بە ئامانجکردنی نیشاندەری تایبەت لەسەر خانە شێرپەنجەییەکان ئەم ڤاکسینە کاریگەرتر و ئامانجدارتر دەکات.
یەکەم ژەمەکانی ئەم ڤاکسینە بە نەخۆشێکی تەمەن ٦٧ ساڵ لە لەندەن درا، کە شەش دەرزی یەک لە دوای یەک لە نێوان پێنج خولەکدا وەرگرت، چارەسەرکردنەکە بۆ ماوەی شەش هەفتە بەردەوام دەبێت، پاشان وردە وردە ژەمە دەرمانەکان لە ماوەی ساڵێکدا کەم دەکرێنەوە.
پسپۆران ئاماژەیان بەوەشکرد چارەسەرە بەرگرییەکان پێشکەوتنی بەرچاویان لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا بەدەستهێناوە، بەڵام هێشتا ناتوانن سەرکەوتنی تەواو بۆ هەموو نەخۆشەکان بەدەستبهێنن.
دکتۆر لی پێی وایە ئەم ڤاکسینە ڕەنگە "هێرشێکی بەرگری زیادە" بێت کە چانسی مانەوە زیاد دەکات.
ئەگەر تاقیکردنەوەکە کاریگەریی ڤاکسینەکە بسەلمێنێت، پێشبینی دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ قۆناغەکانی تری تاقیکاری کە ژمارەیەکی زۆرتر لە نەخۆشەکان لەخۆدەگرێت، پێشبینی دەکرێت ئەم ڤاکسینانە نوێنەرایەتی قۆناغێکی نوێی گەورە بکات لە چارەسەرکردنی شێرپەنجەدا.
ئەم ڤاکسینە نوێیە نوێنەرایەتی هەنگاوێکی گرنگ دەکات بەرەو داهاتوویەکی دوور لە شێرپەنجەی سییەکان، و ئاسۆی نوێ دەکاتەوە لە چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییەدا.
ئەگەر ئەنجامی تاقیکردنەوەکان بە شێوەیەکی ئەرێنی بەردەوام بن، ڕەنگە شاهیدی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بین لە چۆنیەتی نزیکبوونەوە لە چارەسەرێکی پزیشکی لەم نەخۆشییەدا کە هیوایەک بۆ هەزاران نەخۆش لە سەرانسەری جیهاندا دەهێنێت.