سەردێڕ:

روسیا؛ باس لەهۆکاری رووخانی بەشار ئەسەد دەکات

PM:04:27:30/12/2024

11848 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، روخانی خێرای دەسەڵاتەكەی بەشار، دەرئەنجامی بێتوانایی ئەو بوو و نەیتوانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتوان دابینبكات.


ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٤، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، رووخانی خێرای دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی پێشووی سوریا، دەرئەنجامی بێتوانای بەشار ئەسەد بووە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتەكەی.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستاوە دەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارەکانی تێکچونی دۆخەکە، بێتوانایی حکومەتی پێشو بو لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتوان لە نێوان ئەو شەڕە درێژخایەنەدا كە لەو وڵاتە روویدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەو سەرکەوتنانەی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەدەست هاتن کە هێزی ئاسمانی روسیاش بەشدارییان تێداکردووە، سورییەکان پێشبینیان دەکرد ژیانیان باشتر بێت.

ئەوەشی خستەڕوو، رووخانی ئەسەد بەهۆی سزاكانی ئەمریکاوە نەبووە  كە بەسەر سوریایاندا سەپاندبوو.

ئەوە لەكاتێكدایە، روسیا پاڵپشتێکی سەرەکی ئەسەد بووە، هەروەها چەند بنکەیەكی سەربازی لە سوریا هەیە و پێشتر ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا دوپاتیکردەوە، رووخانی ئەسەد بە شکست بۆ سوپای روسیا نابینن، کە لە ساڵی ٢٠١٥ وە لە سوریا جێگیر بوون.













گەلەری