سەردێڕ:

ترەمپ: ببمەوە بە سەرۆکى ئەمریکا دەچینە سەر هەسارەى مەریخ

AM:09:53:24/09/2024

1268 جار خوێندراوەتەوە

هەسارەی مەریخ چووەتە ناو هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکاوە و دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بەڵێنی داوە ئەگەر جارێکی تر ببێتەوە سەرۆک، ئەوا دەبنە سەرکردەی بۆشایی ئاسمان و دەبنە یەکەم نەتەوە پێ بنێنە سەر ڕووی مەریخ.


کێبڕکێی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا خاکی ئەمریکای تێپەڕاندووە و پەلی بۆ ئاسمان کێشاوە، ترەمپیش داوای لە دەنگدەران کردووە دەنگی پێبدەن تاوەکو خەونی گەیشتن بە هەسارە سورەکەیان بۆ بهێنێتە دی.

لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن کە هەریەک لە دوو کاندیدەکانی سەرۆکایەتی دەیدەن بە دەنگدەران، ترەمپ بۆشایی ئاسمان بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بەکاردەهێنێت و جەختیکردەوە، ئەمریکا دەگاتە سەر مەریخ ئەگەر جارێکی تر دەنگی پێبدەنەوە.

لە بەردەم لایەنگرانی لە ویلایەتی (نۆرس کارۆلاینا) ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئیلۆن مەسک خاوەنی کۆمپانیای (سپەیس ئێکس) کە لایەنگری دەکات، چەندین موشەک و کەسپولیان ئاڕاستەی بۆشایی ئاسمان کردووە، چونکە ئامانجیانە لە ماوەی دووەم خولی سەرۆکایەتیدا ئەو کارە بکەن کە هەموو ئەمریکییەکان و جیهان چاوەڕێی دەکەن، کە ئەویش گەیشتنە بە هەسارەی مەریخ.

ئەوە لە کاتێکدایە پێشتر ئیلۆن مەسک ئاماژەی بەوەکردبوو، کەشتی ئاسمانی (ستار شیپ) دەتوانێت لە ماوەی دوو ساڵدا بگاتە هەسارەکە، وتیشی، ئەگەر نیشتنەوەی کەشتیەکە لە سەر مەریخ کە هیچ کەشتیوانێک هەڵناگرێت سەرکەوتوو بێت، ئەوا دەتوانن لە ماوەی ٤ ساڵدا و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا مرۆڤ بگەیەننە سەر ئەو هەسارە سورە.

لە بەرانبەیشدا ئیلۆن ماسک سەرسامیی خۆی بە وتەکەی ترەمپ دەربڕی و ڤیدیۆ کلیپەکەی لە ئەکاونتی خۆیدا لە پلاتفۆرمی "X” بڵاوکردەوە و نووسیتوێتی، زۆر نایابە.

ئەوە لە کاتێکدایە، خەونی مرۆڤایەتی بۆ چوونە سەر مانگ لە لایەن ئەمریکا و لە کۆتایی ساڵانی شەستەکاندا هاتەدی.

لەو ماوەیەشدا یەکێتی سۆڤیەت لە چالاکی خۆی بەردەوامبوو، ژمارەیەک کەپسولی ئاسمانی زەبەلاحیان بۆ ئاشکراکردنی مانگ رەوانە کردبوو، بە نیازیش بوون بە دوایدا مرۆڤیش رەوانە بکەن، بەڵام ئەمریکا پێش مۆسکۆ کەوت.

جۆن کێنیدی لەو بڕوایەدا بوو بەر لە کۆتایی ساڵانی شەستەکان دابەزینی یەکەم مرۆڤ لەسەر رووی مانگ بەچاوی خۆیان دەبینین.

لەو نێوەندەدا خەونەکەی جۆن کینیدی و گەلی ئەمریکا بەدیهات و لە چوارچێوەی گەشتی (ئەپۆڵۆ ١١) دا، یەکەم مرۆڤ لە ٢٠ ی تەموزی ساڵی ١٩٦٩ دا پێی نایە سەر ڕووی مانگ.

لەو چوارچێوەیەدا لیندۆن بینز جۆنسۆن کە دواتر بووە سەرۆکی ئەمریکا دەیوت، (کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمان کۆنتڕۆڵکردنی هەموو جیهانە).













گەلەری