سەردێڕ:

عێراق لەڕێگەی بانکی ناوەندییەوە قەرزی بچوک بۆ کڕینی پانێڵی وزەی خۆر دابین دەکات

PM:10:08:20/09/2024

1552 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، وەزارەت هەنگاوی جددی دەنێت بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و واژۆکردنی گرێبەستی نوێ بۆ دامەزراندنی وێستگەی وزەی خۆر لە عێراق. دەشڵێت، "هەوڵدەدەین قەرزی بچوک لەڕێگەی بانکی ناوەندییەوە بۆ کڕینی پانێڵی وزەی خۆر بۆ هاوڵاتیان دابین بکەین".


ئەمڕۆ هەینی، ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەزارەتی کارەبا بەردەوامە لە دامەزراندنی وێستگەکانی وزەی خۆر بۆ بەکارهێنانی لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە ئامانجی کەمکردنەوەی فشار لەسەر سیستمی کارەبایی، کار لەسەر دانانی سیستمی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ماڵی هاوڵاتیاندا دەکەن.

باسی لەوەش کرد، لە پلانیاندایە لەڕێگەی بانکی ناوەندییەوە قەرزی بچوک بۆ هاوڵاتیان بۆ کڕینی پانێڵی وزەی خۆر و دانانی لە سەربانی ماڵەکانیان دابین بکەن.

ئەوەشی خستە روو، گرێبەستەکانیان لەگەڵ ئیمارات و سعودیە و کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانەی کە تایبەتن بە دابینکردنی پانێڵی وزەی خۆر و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لەو رێگەیەوە بەردەوامە.













گەلەری