سەردێڕ:

ژمارەی پەنابەران لە ئەڵمانیا گەیشتە بەرزترین ئاستی ٥٠ ساڵی رابردوو

PM:07:21:20/09/2024

1676 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەیەکی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، ژمارەی پەنابەران لە ئەڵمانیا گەیشتووەتە نزیکەی سێ ملیۆن و ٤٨ هەزار کەس، ئەوەش بۆ یەکەمجارە لەماوەی ٥٠ ساڵی رابردوودا بگاتە ئەم ئاستە.


ئەمڕۆ هەینی، رۆژنامەی (نۆی ئۆسنابروکەر زایتونگ)ـی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، ژمارەی پەنابەران لە ئەڵمانیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ٥٠ ساڵی رابردوو.

رۆژنامەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، تا کۆتایی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ ژمارەی پەنابەران گەیشتووەتە نزیکەی سێ ملیۆن و ٤٨ هەزار کەس کە یەک ملیۆن و ١٨ هەزار کەسیان خەڵکی ئۆکرانیان.

ئەوەشی خستووەتە روو، بەپێی ئامارەکان، ئەو رێژەیە نزیکەی ٦٠ هەزار کەس زیاترە لە ژمارەی پەنابەران لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣.

لە ٩ـی ئەیلولی ئەمساڵیشدا، نانسی ڤیزەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بڕیارێکی دەرکرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم سنوورە وشکانییەکانی ئەڵمانیا بەشێوەیەکی کاتیی بە ئامانجی سنووردارکردنی هاتنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوای ئەو هێرشە چەکدارییەی کە لە ٢٣ـی ئاب لە شاری سۆلینگەن روویدا، کە گوایە لەلایەن هاووڵاتییەکی سورییەوە ئەنجامدراوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەڵمانیا سیاسەتەکانی بەرامبەر کۆچبەران توندتر کردەوە.













گەلەری