سەردێڕ:

سودانی: بەم نزیکانە کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق دێت

PM:02:38:17/09/2024

1204 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی لە قۆناغی جەنگەوە پێی ناوەتە قۆناغی سەقامگیری و بەم نزیکانە کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانان لە عێراق رادەگەیەنن.


ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد، لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دۆخی ئەمنیی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە قۆناغی جەنگ و هەڕەشەی گروپە چەکدارەکانەوە چووەتە قۆناغی سەقامگیری.

ئاماژەی بەوەش کرد، عێراق پێی وایە هۆکارەکانی مانەوەی هاوپەیمانان لە وڵاتەکەیدا کۆتایی هاتوون و حکومەتی عێراق دەستی کردووە بە گفتوگۆکردن لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانیان.

ئەوەشی خستە روو، لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی هاوپەیمانانیش، پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە رووی ئەمنییەوە بە بەهێزی دەمێنێتەوە و سەرنج دەخەنە سەر زامنکردنی ئاسایشێکی بەردەوام و پەرەدان بە هاوکارییە دارایی و ئابووری و رۆشنبیری و زانستییەکان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای شكستپێهێنانی گروپی چەکداری داعش لە عێراق، نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لە عێراق ماونەتەوە كە ئەركی سەرەكییان رووبەڕوبوونەوەی ئەو گروپە چەکدارەیە لە ناوچەکەدا.













گەلەری