بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانەوە تا ئێستا پێنج گوژمەی پارە هاتووە و لەم هەفتەیەدا گوژمەی شەشەمی پارەکە کە ١٥٠ ملیار دینارە بەسەر جوتیارانی هەرێم دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەمڕۆوە دەست بە رێکارەکانی خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان کراوە و پرۆسەکەش نزیکی ٧٢ کاتژمێری پێدەچێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆی ٤٨٣ ملیار و ٥٩٦ ملیۆن و ٤٤١ هەزار دینار بەغدا
بڕی ١٥٠ ملیار دیناری بە چەکێک بۆ هەرێم ناردووە کە لەو رێژەیەش بڕی ٦٧ ملیار و ٨٤
ملیۆن دیناری بۆ سلێمانییە، بۆ هەولێر ٤٧ ملیار و ٣٧٣ ملیۆن و بۆ دهۆکیش بڕی ٣٥ ملیار
و ٥٤١ ملیۆن دینارە.
باسی لەوەش کرد، پێشبینی دەکەن لە رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەدا
پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دابەش بکەن و میکانیزمی دابەشکردنەکە بە گوێرەی
وادە و بڕی گەنمی جوتیارانە، ئەو جوتیارەی کە پێشتر گەنمەکەی هێناوە، سەرەتا پارەی
ئەو دەدرێت.
ئەوەشی خستە روو، هەوڵ دەدەن تا کۆتایی مانگی ١٠ ئەو بڕە پارەیەی دیکە کە
ماوەتەوە بەسەر جوتیارانی هەرێمدا دابەشی بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوامن لە پەیوەندیکردن
بە بەغداوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕی ٦٨٥ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەرگیراوە و
پارەی پێویستیش بۆ ئەو بڕە گەنمە لەلایەن بەغداوە تەرخان کراوە، بەڵام هێشتا بەشێک
لە جوتیارانی هەرێم پارەی گەنمەکەیان وەر نەگرتووە.
لای خۆشیانەوە، بەشێک لە جوتیاران باس لەوە دەکەن، هێشتا بەشێک گەنمیان ماوە
و لێیان وەرنەگیراوە، حکومەتی کاربەڕێکەریش تا ئێستا هیچ پلانێکی نییە بۆ ساغکردنەوەی
ئەو بڕە گەنمەی لەو جوتیارانە وەرنەگیراوە.