سەردێڕ:

لەپێناو پارەکێشانەوەی زیاتر؛ نۆرەگرتنی ئۆنلاین لە هاتوچۆ لابرا و عەریزەنووسین دانرایەوە

AM:09:55:16/09/2024

5028 جار خوێندراوەتەوە

نزیک هەڵبژاردنە و لەجیاتی خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیانی پشاندانی نیازپاکی و خستنەڕووی پلان بۆ ساڵانی داهاتوو، حکومەتی کاربەڕێکەر نۆرەگرتنی ئۆنلاینی لە هاتوچۆی سلێمانیدا لابرد، کە بێبەرامبەر بوو و راستەوخۆ هاوڵاتیان دەیانتوانی دەست بە مامەڵەکانیان بکەن.


لەمڕۆ دووشەممەوە، دەبێت هاوڵاتیان بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکانیان لە بەیانی زووەوە لە بەردەم فەرمانگەکەدا دەست بە نووسینی عەریزەکانیان بکەن لەلای سکاڵانووسەکان 'عەریزەنووس' و بڕێک پارە بدەن لە بەرامبەردا، کە لە نۆرەگرتنی ئۆنلایندا بێبەرامبەر راستەوخۆ دەستیان بە مامەڵەکانیان دەکرد، ئەمەش جگە لە جۆرێکی دیکەی پارەکێشانەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر لە هاوڵاتیان هیچی دیکە نییە.

حکومەتی کاربەڕێکەر لەئێستادا نە نەوت لەلای خۆی ماوە نە دەتوانێت بەو جۆرەی دەیەوێت مامەڵە بە داهاتی ناوخۆوە بکات، سەرەڕای ئەوەی لەبەر نزیکی هەڵبژاردن باس لە لابردنی چەند باجێک دەکات، تەنانەت توانای بڕیاردانی نەماوە و دادگای فیدڕاڵی عێراق رایگەیاندووە، حکومەتی ئێستای هەرێم حکومەتێکی کاربەڕێکەرە و ناتوانێت بڕیاری چارەنووسساز بدات 'وەک دامەزراندن'.

ئەوە جگە لەوەی کە نە کۆمسیۆن لەدەسەڵاتیدا ماوە و شێوەی دابەشکردنی کورسیەکانی پەرلەمانیش گۆڕاون، ئێستا بە تەواوی سنووردار کراوە و چاوی بەغدا و فشاری هاوڵاتیان و ئۆپۆزسیۆنی لەسەرە.

حکومەتی کاربەڕێکەر هەموو دەرگاکانی لێگیراوە و نازانێت بە چ شێوەیەک ئازاری هاوڵاتیان بدات و ئەو پارانە لە لیستی مووچەدا جێگە بکاتەوە کە چەند ساڵە بەم دەست و بەو دەست لە خێروبێری ئەم هەرێمەدا بۆ گیرفانی خۆیانی دەبەن. بۆیە دەیەوێت لەرێگای زیادکردنی چەند رۆتینێکی دیکەی فەرمانگەکان پارە لە هاوڵاتیان وەربگرێت، وەک دانانەوەی عەریزەنووسین.

هەینی رابردوو، بەو رۆژی هەینییە و لە نەبوونی دەوامی فەرمیدا، بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سلێمانی لە راگەیانراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە دووشەممەوە ھاوڵاتیان دەتوانن راستەوخۆ سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بەبێ وەرگرتنی کۆد، لە بری وەرگرتنی کۆد پێویستە بەرلەوەی دەست بە مامەڵەکانیان بکەن لای عەریزەنووسەکانی بەردەم بەرێوەبەرایەتییەکە فۆڕمی تایبەت بە مامەڵەی بەشی مۆڵەتی شۆفێری پڕبکەنەوە.
هـ.ئـ













گەلەری