سەردێڕ:

چوار فڕۆکە، دوو تاوەر و بنکەی پنتاگۆن و سێ هەزار کوژراو؛ ساڵیادی هێرشەکانی ١١ـی سێپتەمبەرە

PM:02:48:11/09/2024

2840 جار خوێندراوەتەوە

٢٣ ساڵ بەسەر هێرشەکانی ١١ـی سێپتەمبەردا تێپەڕبوو، ئەو هێرشانەی سیاسەتى ئەمریکایان گۆڕى و جارێکى دیکە وێنەى سیاسەتى جیهانى نەخش کرایەوە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە نزیکەى سێ هەزار کەس کوژران و زیانى زیاتر لە ٢٥٠ ملیار دۆلارى لێکەوتەوە.


بەر لە ٢٣ ساڵ ئەمریکا مەترسیدارترین رووداو و تراجیدیای نیشتیمانیی بەخۆوە بینی، رووداوێک کە ئیدارەی کۆشکی سپی ناچار کرد سەر لەنوێ سیستمی جیهانیی دابڕێژێتەوە و جەنگێکى گەورە و هەمەلایەن رابگەیەنێت، کە پێى دەوترێت جەنگى دژ بە تیرۆر.

بەر لەو رۆژە، کەس بە مێشکیدا نەدەهات فڕۆکەی مەدەنی لە هێرشی لەو جۆرەدا بەکاربهێندرێت، هەر بۆیە هێرشەکانی ١١ـی سێپتەمبەری ٢٠٠١، خاڵێکی وەرچەرخانی لە بواری ئاسایش لە ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتان دروست کرد، بە تایبەتی لە ناو فڕۆکەخانەکاندا رێوشوێنى نوێ گیرانە بەر و تەکنیکى نوێ دۆزرانەوە بۆ پشکنینی ئەو شتانەى گومانیان لێ دەکرێت.

هێرشەکان وایان کرد سوپای ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئەفغانستان و دواتریش عێراق، کە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، جیهان بە دەرهاویشتەکانیەوە کاریگەرن، بە مانایەکى دیکە، جیهانى پێش ١١ـی سێپتەمبەر زۆر جیاوازە لە جیهانى دواى ١١ـی سێپتەمبەر.

بەپێی زانیاریە فەڕمییەکان، هێرشەکان بە چوار فڕۆکەی رفێندراو لەلایەن ١٩ کەسەوە ئەنجام دران، کە ئەمریکا دەڵێت، زۆربەیان خەڵکی سعودیە بوون و سەرۆکی گروپەکەش خەڵکی میسر بووە.

لە هێرشەکاندا دوو فڕۆکەیان تاوەرەکانی ناوەندی بازرگانی جیهانیان لە نیو یۆرک کردە ئامانج و سێیەم فڕۆکەش باڵەخانەی پنتاگۆن و چوارەمیش لە کێڵگەیەکی نزیک شاری شانکسفێڵ لە ویلایەتی پێنسلڤانیا کەوتە خوارەوە.

لە ساتی هێرشەکە جۆرج دەبلیو بوشی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لە خوێندگەیەک بوو لە ویلایەتی فلۆریدا، دیمەنی بەركەوتنی یەکەم فڕۆکەی بینی کە خۆی کێشابوو بە یەکێک لە تاوەرە بازرگانیە جیهانییەکەی نیو یۆرک .

سەرەتا جۆرج بوش وا هەستی کرد فڕۆکەیەکی راهێنانی بچوکە و بەهۆی کێشیەکی تەکنیکیەوە بەر تاوەرەکە کەوتووە، بەڵام سەرۆکی کارمەندانی کۆشکی سپی لێی نزیک دەبێتەوە و بە چرپە پێی دەڵێت، ئەمریکا رووبەڕووی هێرشى گەورە بووەتەوە.

بەو چرپەیە، سەرۆک درکی بەوە کرد کە ئەرکێکی سەخت لە بەردەمیدایە و ساتە ئارامەکانی ماوەی سەرۆکایەتیەکەی کۆتایی هات.

هەرچۆنێک بێت هێرشەکان زیانی گیانی و دارایی زۆری لێکەوتەوە، بەشێوەیەک، دوو هەزار و ٩٩٦ کەس بەهۆیەوە کوژران و نزیکەی شەش هەزاری تریش بریندار بوون و زیانی دارایی زیاتر لە ٢٤٧ ملیار دۆلاری بە ئەمریکا گەیاند و ئەمریکاش دواى هێرشەکە، هەموو پێوەرە سیاسی و ئابوریی و ئەمنییەکانى گۆڕى و وێنەی سیاسەتى جیهانى جارێکى دیکە داڕێژرایەوە.













گەلەری