سەردێڕ:

کۆمسیۆن: ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە

PM:02:39:07/09/2024

1216 جار خوێندراوەتەوە

ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لەسەر رێکارە هونەری و ئیدارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا.


ئەمڕۆ شەممە، ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سەرجەم کارمەندانی کۆمسیۆن پابەندن بە رێکارەکانی هەڵبژاردن، ئەوەش بە ئامانجی دوورکەوتنەوە لە هەر هەڵە و کەموکوڕییەک لە رۆژانی هەڵبژاردندا.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئاستی دووەمی خولەکانی راهێنانی رێکارەکانی دەنگدان بە بەشداری بەڕێوەبەر و ژمارەیەک لە کارمەندانی ناوەندەکانی دەنگدان بەردەوامە.

پێشتریش، مەڕوان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەردەوامە. وتیشی،" دڵنیایی دەدەینە هەموو دەنگدەر و لایەنە سیاسیەکان هیچ کەس نازانێت کێ دەنگ بە کێ دەدات".

ئەوەش لەکاتێدایە، لە ٢٠ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی عێراق و لەژێر چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت، هەڵبژاردنەکەش دەبێتە یەکەمین هەڵبژاردن لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا کە بەدەر لە ویستی پارتی و یەکێتی و لەژێر فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچێت.













گەلەری