سەردێڕ:

عێراق ژمارەی ئەو کەشتیانە زیاد دەکات کە بڕیارە لە بەندەری فاو جێگیر بکرێن

PM:11:15:06/09/2024

3108 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پڕۆژەی دروستکردنی پێنج بەندەر لە بەندەری فاو لە عێراق رایگەیاند، رێژەی تەواوبوونی پڕۆژەکە ٩٨٪ـی تێپەڕاندووە و هەوڵ دەدەن بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەو کەشتیانەی کە لە بەندەرەکەدا جێگیر دەکرێن، ئەوەش بە مەبەستی بەرزکردنەوەی رێژەی گواستنەوەی کاڵا و شتومەکە لە بەندەرەکانەوە.


ئەمڕۆ هەینی، رائید شەرەفی بەڕێوەبەری پڕۆژەی دروستکردنی پێنج بەندەر لە بەندەری فاو لە عێراق رایگەیاند، کارکردن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی بەندەرەکان بەردەوامە و زیاتر لە ٩٨٪ـی کارەکان تەواو بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، تێکڕای درێژی بەندەرەکان هەزار و ٧٥٠ مەتر دەبێت و دەتوانرێت پێنج کەشتیی زەبەلاح لە هەر یەکێک لە بەندەرەکاندا جێگیر بکرێن.

ئەوەشی خستە روو، دانوستانەکانیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی بۆ فراوانکردنی شوێنی کەشتییەکانی ناو بەندەرەکە بەردەوامە تاوەکو بتوانن ژمارەی کەشتییەکان زیاد بکەن. وتیشی، ئامانج لەم هەنگاوە بەرزکردنەوەی رێژەی گواستنەوەیە لە بەندەرەکانەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە،ساڵی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رێککەوتن بۆ بنیادنانی هێڵی ئاسنین لە نێوان عێراق و تورکیا بە ناوی "پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان" کە ئامانج لێی گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیارانە لە بەندەری فاوی عێراقەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا.

بەندەری فاو؛ بەندەرێکە کە لە تورکیاوە عێراق بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و دەبێتە رێڕەوێکی گرنگ بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لە نێوان ئەوروپا و رۆژهەڵات لە عێراقەوە.

بەندەرەکە دەکەوێتە باشووری بەسڕە، یەکێکە لە ١٠ گەورەترین بەندەرەکانی جیهان و تێچووی پڕۆژەکە چوار ملیار و ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆیە، ساڵانە توانای گواستنەوەی ٩٩ ملیۆن تۆن کەلوپەلی هەیە و ساڵانە ٢٥ تا ٣٥ ملیار دۆلار داهاتی دەبێت بۆ عێراق.













گەلەری