وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، هێزەکانیان توانیویانە گوندێکی سنووری رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ بکەن، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ دوو گوندی دیکەیان لە هەمان سنوور کۆنتڕۆڵ کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، لە ئەنجامی بەردەوامی پێشڕەوییەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاکی ئۆکرانیا، هێزەکانیان بە سەرکەوتووی گوندی (زاڤێتنی) لە ناوچەی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ کردووە.
ئاماژەی
بەوەش کرد، ناوچەکە بەتەواوی لە بارەگا و شانەی سوپای ئۆکرانیا پاککراوەتەوە و لە
ئێستادا هیچ سەرباز و بەرپرسێکی باڵای هیزەکانی ئەو وڵاتەی تێدا نەماوە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڤیلادیمر پوتین سەرۆکی
روسیا رایگەیاند، روسیا ئامادەیە دانوستان لەگەڵ کیێڤ ئەنجام بدات لەسەر بنەمای
ئەو دانوستانانەی لە بەهاری ٢٠٢٢ ئەنجامدراون، ئەگەر ئۆکرانیا رازی ببێت.
ئەوەش
لەکاتێکدایە، لە ٦ـی مانگی رابردووەوە کە دەستپێکی گۆڕینی ئاڕاستەی جەنگی نێوان
روسیا و ئۆکرانیا بوو، لەلایەن ئۆکرانیاوە بۆ پێشڕەویکردن بۆ ناو خاکی روسیا و تا
ئێستا هەردوولا چەند ناوچەیەکیان لە خاکی یەکتردا کۆنتڕۆڵ کردووە.
یەکشەممەی رابردووش، وەزارەتی وزەی ئۆکرانیا
بڵاوی کردەوە، یەکێک لە دامەزراوەکانی وزە لە شاری خارکوڤ لەلایەن روسیاوە
بۆردومان کراوە و زیانی پێگەیشتووە وفەرماندەی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند،
پێشڕەوییەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاکی رووسیا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و لە
ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا چەند کیلۆمەترێکی دیکەیان لە کورسکی رووسیا کۆنتڕۆڵ
کردووە.