PM:05:15:04/09/2024
4984 جار خوێندراوەتەوە
بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ئەو فەرمانبەرانەی بڕیار بوو ئەمڕۆ مووچەکانیان لەڕێگەی هەژماری منەوە وەربگرن، بەهۆی نەبوونی پارە لە ئامێرەکان نەیانتوانیووە مووچەکانیان وەربگرن و لەو بارەیەشەوە بانکەکانی هەژماری من دەڵێن، "لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە فەرمانمان پێ نەکراوە پارە بنێرین بۆ ئامێرەکانی راکێشانی پارە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک نەخراوەتە سەر ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە پڕۆژەی هەژماری من بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەو وەزارەتانەی بڕیار بوو ئەمڕۆ مووچەکانیان وەربگرن.
باسی لەوەش کرد، ئەو فەرمانبەرانەی لەڕێگەی
هەژماری منەوە مووچەکانیان وەردەگرن ئەمڕۆ نەیانتوانیووە مووچەکانیان وەربگرن چونکە
ئامێرەکانی راکێشانی پارە هیچ بڕە پارەیەکیان نەخراوەتە سەر.
ئەوەشی خستە روو، لەوبارەیەوە فەرمانبەران پەیوەندییان
بە بانکەکانەوە کردووە و لە وەڵامدا پێیان وتراوە "تاوەکو ئێستا لەلایەن ئەنجومەنی
وەزیران و بەرپرسانی پڕۆژەی هەژماری منەوە فەرمانمان پێ نەکراوە پارە بخەینە سەر
ئامێرەکانی راکێشانی پارە".
هێرش قادر- هەولێر