سەردێڕ:

کۆمسیۆن: دڵنیایی دەدەینە دەنگدەران کە هیچ کەس نازانێت کێ دەنگ بە کێ دەدات

AM:10:57:04/09/2024

2684 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە وادەی خۆیدا بەردەوامە. دەشڵێت،" دڵنیایی دەدەینە هەموو دەنگدەر و لایەنە سیاسیەکان هیچ کەس نازانێت کێ دەنگ بە کێ دەدات".


ئەمڕۆ چوارشەممە، مەڕوان محەمەد بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ٩٢٪ـی کارتی دەنگدان دابەش کراوەتەوە و لە ئێستادا خەڵک زیاتر سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمێترییەکانیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو سیستەمی دەنگدان بە وشەی نهێنیی تایبەت پارێزراوە و چەند کۆمپانیایەکی جیهانی سەرپەرشتی سیستەمەکە دەکەن.

جەختی لەوەش کردەوە، دڵنیایی دەدەنە هەموو دەنگدەر و لایەنە سیاسیەکان کە لە کاتی دەنگدان هیچ کەس نازانێت کێ دەنگ بە کێ دەدات. دەشڵێت، هەندێک کەس تەنها بۆ ساردکردنەوەی دەنگدەر دەنگۆی ئاشکرابوونی دەنگ لە هەڵبژاردن بڵاو دەکەنەوە.

ئەوەشی خستە روو، تا رۆژێک پێش دەنگدان کارتی بایۆمێتری دەنگدان لە بنکەکان دابەش دەکرێت، هەربۆیە داوا لە هاوڵاتیان دەکەن کە تا ئەو رۆژە سەردانی بنکەکان بکەن و کارتەکانیان وەر بگرنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە ٢٠ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت دوای ئەوەی چوار جار لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە دواخرا، ئاماژەکانیش بۆ ئەوەیە ئەم هەڵبژاردنە کۆتایی بە حکومڕانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دێت.

هێرش قادر - هەولێر 












گەلەری