سەردێڕ:

روسیا دامەزراوەیەکی وزەی ئۆکرانیای کردە ئامانج

PM:08:17:01/09/2024

1488 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی وزەی ئۆکرانیا بڵاوی کردەوە، دامەزراوەیەکی وزە لە شاری خارکوڤ بۆردومان کراوە و بەوهۆیەوە زیان بەر دامەزراوەکە گەیشتووە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی وزەی ئۆکرانیا بڵاوی کردەوە، یەکێک لە دامەزراوەکانی وزە لە شاری خارکوڤ لەلایەن روسیاوە بۆردومان کراوە و زیانی پێگەیشتووە.

رۆژی هەینیش، کۆمپانیای کارەبای ئۆکراینیرگۆ لە ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کرد، لە کیێڤی پایتەخت و زۆربەی پارێزگاکانی وڵاتەکە هێڵەکانی کارەبا پچڕاون لە ئەنجامی بۆردومانی بەردەوامی روسیا بۆ سەر وێستگە و یەکەکانی کارەبا.

پێشتریش گێرمان گالوشینکۆ وەزیری وزەی ئۆکرانیا باسی لەوە کرد، زستانی داهاتوو قورسترین زستان دەبێت لە مێژووی ئۆکرانیادا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، هێزی ئاسمانی روسیا بەردەوامە لە وێرانکردنی ژێرخان و رێگاکانی گواستنەوە و هێڵی ئاسن بەتایبەتی لە رۆژئاوای ئۆکرانیا کە هێزەکانی کیێڤ بەکاریدەهێنن بۆ وەرگرتنی چەک لە هاوپەیمانەکانیان لە ناتۆ لە رێگەی رۆمانیا و پۆڵەندا.













گەلەری