سەردێڕ:

لە شەش مانگدا؛ ٩٤ حاڵەتی دەستدرێژی بۆ سەر پیاوان لە عێراق تۆمارکراوە

PM:07:46:01/09/2024

1324 جار خوێندراوەتەوە

فەرمانگەی پزیشکی دادی عێراق بڵاوی کردەوە، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٤٢١ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی لە عێراق تۆمار کراون کە ٩٤ حاڵەت بەرامبەر بە پیاوان ئەنجامدراون.


ئەمڕۆ یەکشەممە، فەرمانگەی پزیشکی دادی عێراق بڵاوی کردەوە، لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٤٢١ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی تۆمار کراون.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەپێی ئامارەکانیان دەستدرێژی بەرامبەر ژنان و کچان زیاتر بووە بەوپێیەی لەو ماوەیەدا ٣٢٧ حاڵەتی توندوتیژی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و کچان ئەنجامدراوە، هەروەها ٩٤ حاڵەتیش بەرامبەر بە پیاوان ئەنجامدراوە.

ئەوەش خراوەتە روو، ئەو کەسانەی رزگاربووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسین لەلایەن تیمێکی تایبەتمەندەوە کە پێکهاتوون لە پزیشکی دادوەری مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی ماددەی ٣٩٣ لە یاسای سزادانی عێراقی سزای "زیندانی هەتاهەتایی یان کاتی" بۆ هەرکەسێک دیاری کراوە کە "جووتبوون لەگەڵ مێینێکدا بەبێ ڕەزامەندی ئەو مێینە" ئەنجام بدات، هەروەها تاوانەکە بە قورستر هەژمار دەکرێت ئەگەر قوربانییەکە تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوە بێت یان ئەگەر تاوانبارەکە خزمی قوربانییەکە بێت یاخود تاوانبار پەروەردەکاری قوربانییەکە بێت یان کەسێک کە دەسەڵاتی بەسەریدا هەبێت، وە یاخود کەسی قوربانی فەرمانبەری حکومەت، پیاوی ئایینی، پزیشک بێت، یان کردەوەکە بەکۆمەڵ بووە بە بەشداری زیاتر لە هێرشبەرێک، یان ئەگەر قوربانییەکە لە ئەنجامی دەستدرێژییەکەدا تووشی نەخۆشییەکی سێکسی بووبێت.













گەلەری