تا ئێستاش لە سوریا دەنگی فیشەک و تەقە دەبیسترێت و ئاڵۆزییەکان لەنێوان هەسەدە و گروپە چەکدارەکان بەردەوامی هەیە، ئەحمەد شەرعیش دەڵێت، کاردەکەن بۆ رێکخستنەوەی هێزەکان و نوسینەوەی دەستوری نوێ.
فیشەک و رووبەڕووبوونەوە کۆتای بە دەسەڵاتی ئەسەد هێنا، بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ ئەوەی دەنگی تەقەکردن لە وڵاتەکە کپ بکاتەوە، تائێستاش شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ گروپە چەکدارەکان لە ناوچە کوردییەکان بەردەوامی هەیە.
لەلایەکی دیکەوە هەریەکە لە ئەمریکا و فەرەنسا
بەردەوامن لە ناردنی هێز و پێداویستی سەربازی بۆ ناوچە کوردییەکان، هاوکات روسیاش
بڵاویکردەوە، بنکە سەربازییەکانیان لە سوریا رووبەڕووی هێرش بوونەتەوە و ئاژانسی رۆیتەرزیش
باسی لەوەکردووە، حکومەتی راگوزەری سوریا سەرباری ئەوەی روسیا پەیوەندی باشی لەگەڵ
رژێمی پێشوودا هەبووە، بەڵام هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ روسیادا بهێڵێتەوە.
لەبارەی هێزەکانیشەوە ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنێکیدا
لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ هەسەدە بەردەوامی هەیە بۆ
ئەوەی بکرێن بە بەشێک لە سوپای نیشتیمانی لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەدا.
لەبارەی دۆخی وڵاتەکەشەوە ئاماژەی بەوەکرد، پێویستیان
بە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی گشتی دانیشتوان هەیە و دوای ئەنجامدانی سەرژمێریش چوار
ساڵیان پێویستە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدەن و هەروەها سێ ساڵیشیان دەوێت بۆ نوسینەوەی
دەستوری سوریا.
سەبارەت بە حکومەتی نوێش دەسەڵاتی پەخشی ئیسرائیل
بڵاویکردەوە، کە ئیدارەی بایدن دەیەوێت پێش دەسبەکاربوونی کابینەی نوێی ئەمریکا
دان بە حکومەتی سوریادا بنێت و شەرعیەتی پێبدات.